Print WWW.GORRAN.NET
 بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان داوا ده‌كات هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ واده‌ی‌ خۆیدا بكرێت
7/25/2018 6:16:07 PM
باڵیۆزانی‌ ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا له‌ عێراق، سه‌ردانی‌ مه‌كۆی‌ سه‌ره‌كی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانیان كرد له‌ شاری‌ سلێمانی‌ و له‌گه‌ڵ رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌دا كۆبونه‌وه‌.

وه‌فده‌كه‌ پێكهاتبون له‌ سیرین جان نون، باڵیۆزی‌ ئه‌ڵمانیا له‌ عێراق ‌و رۆنۆ ئه‌وبیر، باڵیۆزی‌ فه‌ره‌نسا له‌ عێراق ‌و له‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانیش هه‌ریه‌ك له‌ عومه‌ر سه‌ید عه‌لی‌، رێكخه‌ری‌ گشتی‌ ‌و هۆشیار عومه‌ر رێكخه‌ری‌ ژوری‌ دیبلۆماسی‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی‌ ژوره‌كه‌ ئاماده‌ی بون.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا بارودۆخی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ عێراق به‌گشتی‌ ‌و هه‌رێمی‌ كوردستان ‌و پرسی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ په‌رله‌مان و سزادراوانی‌ سیاسی‌ ‌و به‌شداری‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ حكومه‌تی‌ داهاتوی‌ عێراق گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا.

رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان جه‌ختیكرده‌وه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ دواخستنی‌ واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ رۆژی‌ (30)ی‌ ئه‌یلول نین ‌و داواشی‌ كرد چاودێرانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ رۆڵی‌ به‌رچاویان هه‌بێت له‌ رێگریكردن له‌ساخته‌كاری‌.

هاوكات راشیگه‌یاند: گۆڕان بۆ به‌شداریكردن له‌ حكومه‌تی‌ نوێی‌ به‌غدا چاوه‌ڕوانی‌ وه‌ڵامی‌ دادگا ده‌كات له‌باره‌ی‌ تانه‌ ‌و ساخته‌كارییه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌.

هه‌روه‌ها بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان داوای‌ هه‌ڵوێستی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ كرد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ یه‌كێتی‌ ‌و پارتی‌ له‌سه‌ر جیاوازی‌ بیروڕای‌ سیاسی‌ سزای‌ خه‌ڵك ده‌ده‌ن.