Print WWW.GORRAN.NET
  لیستى ناوى کاندیدانى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ پەرلەمانى کوردستان
7/30/2018 1:54:45 AM
بزوتنەوەى گۆڕان بە فەرمى و دواى پێشکەشکردنى بە کۆمیسیۆن، لیستى ناوى کاندیدەکانى ئاشکرا کرد، رێکخەرى ژورى هەڵبژاردنی بزوتنەوەکەش رایدەگەیەنێت؛ یەکێک لە بەهێزترین لیستەکان دەبین و هەوڵدەدەین زۆرترین کاندیدمان بنێرینە پەرلەمان.

دوانیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە، زمناکۆ جەلال رێکخەرى ژورى هەڵبژاردنى بزوتنەوەى گۆڕان ناوى لیستى کاندیدانى بزوتنەوەکەى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ئاشکرا کرد و رایگەیاند: دواى کردنەوەى دەرگاى خۆکاندید کردن، زیاتر لە (350) (سی.ڤى) هاتە لیژنەى باڵاى هەڵبژاردن، دواى چەند رۆژێک لە گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنى سیڤیەکان و پسپۆرییەکانیان لیژنەکە لیستێکى (100) کەسیى ئامادەکرد کە؛ عەلى حەمە ساڵح وەک سەرۆکى لیستى بزوتنەوەى گۆڕان دیارى کراوە و ئەمڕۆ لە وادەى یاساییدا پێشکەشى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیمان کرد.

ئاماژەى بەوەکرد؛ لە دیاریکردنى کاندیدان و لیستەکەدا رەچاوى رەگەز و جوگرافیا و چین و توێژە جیاوازەکان و پسپۆڕیى کراوە و (70%)یان لە رەگەزی نێر و (30%)یان لە رەگەزى مێ-ن، لە روى بڕوانامەوە، (70%)ى خاوەنى بڕوانامەى دیبلۆم بەرەو ژورە بەشێوەیەک (50%)یان خاوەنى بڕوانامەى بەکالۆریۆسن (7%)یان هەڵگرى بڕوانامەى دکتۆرا و (7%)ى کاندیدەکان خاوەنى بڕوانامەى ماستەرن و (25%)یان بڕوانامەى سەرەتایى و ناوەندییان هەیە.

هەروەک رونی کردەوە؛ کە سێ لە کاندیدەکان لە خولەکانى پێشو پەرلەمانتار بون و (15%)ى کاندیدەکان یاسایین و ئەوانى دیکەش پسپۆرییان لە بوارەکانى کارگێڕى و ژمێریارى و کشتوکاڵ و بوارەکانى دیکەن.

وتیشى: "لیستى بزوتنەوەى گۆڕان یەکێک لە لیستە بەهێزەکان دەبێت و هەوڵدەدەین زۆرترین کاندیدمان بنێرینە پەرلەمان، بەشێوەیەک لە پڕۆفیسۆرەوە تێیدایە تا هەمو چین و توێژەکان، چونکە پەرلەمانتاران نوێنەرى هەمو کۆمەڵگان، هەر لە سەرەتاوە بزوتنەوەى گۆڕانیش لەسەر ئەو بنەمایە کارى کردوە، ئێمەش ئەوانەمان کاندید کردوە بۆئەوەى نوێنەرایەتى چین و تویژەکانیان بکەن".

ئەوەى خستەڕو کە هەمو هەوڵ و ئامادەکارییەک دەکەن بۆ ئەوەى رێگریى لە ساختەکاریى بگەن.