راگەیەندراوى بزوتنەوەی گۆڕان له یادی راپەڕیندا

06/03/2019

ڕاگەیەندراوی فەرمی

بزوتنەوەى گۆڕان لە ساڵیادى راپەڕیندا راگەیەندراوێک ئاڕستەى هاوڵاتیانی كوردستان و كەسوكاری شەهیدان دەکات و تێیدا جەخت دەکاتەوە لەوەى دوای (28) ساڵ، هێشتا داواكاری خەڵكی كوردستان پێداویستیە سەرەتاییەكانی ژیان و نەهێشتنی گەندەڵی و نادادی كۆمەڵایەتییە.

هەروەک بزوتنەوەکە خوازیارە هەمو لایەنە سیاسیەكان بەجیاوازی بیروڕا و روانینیانەوە و بەگیانی بەرپرسیارێتیەوە كار بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی راپەڕین و باشتركردنی بژێوی خەڵكی كوردستان بكەن.

دەقى راگەیەندراوەکە:
هاوڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان

28 ساڵ لەمەوبەر خەڵكی كوردستان بە پشتیوانی هێزەكانی پێشمەرگە دژی رژێمی بەعس و دامودەزگا داپڵۆسێنەرەكانی لەشاری رانیەوە یەكەم چەخماخەی راپەڕینیان لێدا و لە ماوەیەكی كەمدا خاكی كوردستانیان لێ‌ پاككردنەوە، ئەو سەركەوتنە گەورەیەش بەخوێنی چەندین شەهید و برینداری هاوڵاتی و پێشمەرگە نوسرایەوە.

لەم یادە پیرۆزەدا بزوتنەوەی گۆڕان سەری رێز بۆ خوێنی شەهیدان و برینداران دادەنەوێنێت و پیرۆزبایی گەرمیش لە خەڵكی كوردستان دەكات.

لەكاتێكدا لەهەرێمی كوردستان یادی ئەو راپەڕینە مەزنە دەكەینەوە كە بەداخەوە زۆرێك لە ئامانجەكانی راپەڕین هێشتا بەدینەهاتون، دوای 28 ساڵ هێشتا داواكاری خەڵكی كوردستان پێداویستیە سەرەتاییەكانی ژیان و نەهێشتنی گەندەڵی و نادادی كۆمەڵایەتیە..

بزوتنەوەی گۆڕان خوازیارە هەموو لایەنە سیاسیەكان بەجیاوازی بیروڕا و روانینمانەوە و بەگیانی بەرپرسیارێتیەوە كار بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی راپەڕین و باشتركردنی بژێوی خەڵكی كوردستان بكەین، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەش كە ئێستا لەبەردەم پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمداین، بەهیواین هەموان دەست لەناو دەست كار بۆ جێبەجێكردنی خواستی خەڵك بكەین لەم حكومەتدا..

بزوتنەوەی گۆڕان
5-3-2019


هەواڵی زیاتر