لەیەكەم رۆژی یادی 28 ساڵەی راپەڕیندا خەڵكی كوردستان روو لە ئارامگای نەوشیروان مستەفا دەكەن

06/03/2019

هەواڵ و چالاکی

سلێمانی؛ هاوڵاتیان یادی 28 ساڵەی راپەڕین لەسەر ئارامگای نەوشیروان مستەفا دەكەنەوە

لەیەكەم رۆژی یادی 28 ساڵەی راپەڕیندا خەڵكی كوردستان پۆل پۆل روو لە ئارامگای نەوشیروان مستەفا دەكەن، ژمارەیەك لەو هاوڵاتیانە دەڵێن، نەوشیروان مستەفا وەك چۆن لەو پەڕی نائومێدیدا و لە دوای ئەنفال و كیمیاباران بە ئومێدەوە بوو بە ئەندازیاری راپەرین، ئاوهاش بەدروستكردنی بزوتنەوەی گۆڕان روحی كردەوە بەبەری خەڵكی كوردستاندا بۆ رووبەروبونەوەی نادادی كۆمەڵایەتی و گەندەڵی.

28 ساڵ لەمەوبەر كاتێك خەڵكی كوردستان بەهۆی شاڵاوەكانی ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجەوە لەوپەڕی نائومێدیدا بوو، رۆڵەیەكی ئەم نیشتیمانە بە ورەی پۆڵاین و بیری قوڵ و گیانی پڕ لە هیواوە و لە باوەشی شاخ و چیاكانەوە پلانی راپەڕین و هەستانەوەی دادەڕشت.

ئێستا و دوای 28 ساڵ كاتێك گەلی كورد یادی راپەرینە مەزنەكەی ساڵی 1991 دەكاتەوە، ئەو رۆڵەیەی نیشتیمان، نەوشیروان مستەفا، ئەندازیاری راپەڕین بە جەستە لەناو گەلەكەیدا نەماوە، بەڵام وادیارە لەناو دڵی گەلەكەیدا نیشتیمانێكی بۆخۆی چێكردوە.

ئەوەتا لەیەكەم رۆژی یادی راپەریندا پۆل پۆل دێنە سەر ئارامگاكەیە و پەیمانی وەفا و دڵسۆزی و خۆڕاگری بۆ نوێدەكەنەوە.

نەوشیروان مستەفا وەك چۆن لە راپەریندا توڕەیی و هەستی نیشتیمان پەروەری گەنج و پیری لەخۆی كۆكردەوە، ئەمڕۆش ئارامگاكەی هەموانی كۆكردەوە و پڕیكردنەوە لە ئومێد.

ئەوانەی لەیادی راپەریندا سەردانی ئارامگای نەوشیروان مستەفایان كرد، نیگەرانن لەوەی زۆرێك لە ئامانجەكانی ڕاپەڕین بەدینەهاتون و دەسەڵاتداران نەیانتوانیوە لەئاست خواستی خەڵكی كوردستاندا بن.

28 ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژی 5-3 دا یەكەم چەخماخەی ڕاپەڕین لە شاری ڕانیەوە دەستی پێكرد و دوای 20 رۆژ تەواوی خاكی كوردستان بە كەركوكیشەوە لە دام و دەزگاكانی بەعس پاككرایەوە.

 

 

 

 

.


هەواڵی زیاتر