پرسەنامەى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ کۆچى دوایى ئاکار محەمەد

26/03/2018

کۆمەڵایەتی

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ، ئاكار محەمەد هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان و راوێژكاری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كۆچی دوایی كرد، بزوتنەوەی گۆڕان پرسەنامەیەک ئاراستەى بنەماڵە و هاوڕێیانى دەکات و رایدەگەیەنێت؛ هەڵسوڕاوێكی چالاك و بەتوانابو لە بەجێگەیاندنی هەر ئەركێك كە پێی سپێردرابێت.

ئاكار محەمەد هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان و راوێژكاری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان سەعات هەشتی بەیانی ئەمڕۆ، بەهۆى جەڵتەى دڵەوە لە سلێمانی كۆچی دوایی كرد، ئەمڕۆش تەرمەكەی لە گۆڕستانی بەكرەجۆ بەخاكسپێردرا.

دەقى پرسەنامەى بزوتنەوەى گۆڕان:

بەناوی بزوتنەوەی گۆڕانەوە پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی كەسوكاری كۆچكردو یاساناس (ئاكار محەمەد عەبدوڵا) دەكەین، داواكارین لەخودای مەزن كۆچكردو بەبەهەشتی بەرین شاد بكات و ئارامی و خۆڕاگری بە خانەوادە و خزمان و هاوڕێیانی ببەخشێت.

بەم كۆستە گەورەیە، بزوتنەوەی گۆڕان یەكێك لە هەڵسوڕاوە بەئەمەك و دڵسۆزەكانی لەدەستدا.

(ئاكار محەمەد عەبدوڵا) لە سەرەتای دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە زۆر دڵسۆزانە كاری بۆ سەرخستنی بەرنامەی بزوتنەوەكە كردوە و هەڵسوڕاوێكی چالاك و بەتوانابو لە بەجێگەیاندنی هەر ئەركێك كە پێی سپێردرابێت.

بزوتنەوەی گۆڕان، شانازی كردوە و دەكات بەوەی هەڵسوڕاوی نمونەیی وەك كۆچكردو لە ریزەكانیدا كاریكردوە. ئێستاش بەلەدەستدانی كەلێنێكی گەورەی لە ریزی هەڵسوڕاواندا دروستكرد.

كۆچی جوانەمەرگ خەمێكی قوڵی لەدەرونی هەمواندا بەجێهێشت.


هەواڵی زیاتر