مونیر حەداد: نەوشیروان مستەفا لە پێناو گەلەکەیدا قوربانی زۆریدا

20/05/2019

هەواڵ و چالاکی

مونیر حەداد، سیاسەتمەدار و کەسایەتى ناودارى عێراق ئاماژە بە خەبات و رۆڵ و ویستى نەوشیروان مستەفا دەکات بۆ بنیاتنانى دەوڵەتێکى دامەزراو و دەڵێت:"ئەو یەکێک نەبو لە بازرگانانى سیاسەت، لەجیاتى ناوبانگ و کارکردن بۆ خۆى و بنەماڵەى، هەمو تەمەنى خۆى کرد بە قوربانیى لەپێناو داخوازییەکانى گەلەکەیدا و کارى بۆ خەڵک دەکرد".

مونیر حەداد سیاسەتمەدارى عێراق بەم شێوەیە لەبارەى رۆڵ و کاریگەرى و کەسایەتى نەوشیروان مستەفا، سەرکردەى نیوسەدە لە خەباتى گەلى کورد، دەدوێت.

نەوشیروان مستەفا بە ئازایەتى و پاکێتى ناسراوە و تێکۆشەرێکى راستەقینەبو
هەمو عێراقییەک بە گشتى و بەتایبەتى کورد دەزانن کە نەوشیروان مستەفا کێیە، یەکێک لە سەرکردەکانى گەلى کوردە، پیاوێک کە بە ئازایەتى و پاکێتى ناسراوە و تێکۆشەرێکى راستەقینەبو، ئەو یەکێک نەبو لە بازرگانانى سیاسەت، بەڵکو پیاوێکى بێگەرد بو کە لەگەڵ فەرماندەکانى دیکەى یەکێتى نیشتیمانى جەنگا و خەباتى کرد، فەرماندە و سەرکردەیەکى مەزنى کورد بو کە لەسەرەتاى ژیانییەوە تەمەنى خۆى خستە خزمەتى گەلى کوردستان و خەڵکى وڵاتەکەى.

بەڕاستى نەوشیروان مستەفا هەمو تەمەنى خۆى کرد بە قوربانیى لەپێناو داخوازییەکانى گەلەکەیدا و هەرگیز بیرى لەوە نەدەکردەوە ببێتە سەرمایەدار یان کار بۆ ناوبانگ بکات، رقى لە خۆدەرخستن بو لە راگەیاندنەکان و دەیتوانى شتى زۆر بۆ خۆى و خێزان و خزم و کەسەکانى بکات، بەڵام هەمیشە خەباتى دەکرد و خۆى بە دور دەگرت و تێدەکۆشا.

لەراستیدا ئەو ناوێکى گەورەیە و بە گەورەیى ژیا و بە گەورەیی و شەرەفمەندانەش کۆچى دوایى کرد، ئەوە سروشت و ژیانى نەوشیروان مستەفا بو.

چەندین کۆبونەوە و دیدارى کورتخایەن و درێژخایەنمان هەبوە، لەم چەند ساڵەى رابردودا دواى راگەیاندنى بزوتنەوەى گۆڕان لە نوسینگەکەى خۆى کۆبونەوەیەکى دو قۆڵیمان هەبو، کۆبونەوەیەکى جوان و گرنگ بو.


ئەو پیاوێکى سادەبو، مامەڵەکردن لەگەڵیدا ئاسان بو بە ئاسانى دەچوە دڵەوە
ئەو پیاوێکى زۆر سادەبو، مامەڵەکردن لەگەڵیدا ئاسان بو بە ئاسانى دەچوە دڵەوە و پێویستى بە پێشەکى نەبو، کەسێکى ساکار کە بە سادەیى و راستگۆیانە گفتوگۆى دەکرد و مرۆڤێکى روناکبیر و راستگۆ و زۆر بەڕێز، بە گفتوگۆکردن لەگەڵیدا هەست بەوە دەکرد کە ئەو پیاوە بەڕاستى سەرکردەیەکى مەزنە و دەیەوێت دەوڵەتێکى دامەزراوەیى  بنیات بنێت. دەوڵەتەکەش دەوڵەتێکى دامەزراوەیى بێت، ئەو هەوڵى بۆ گەلەکەى دەدا و دەیویست دەوڵەتیان بۆ دابمەزرێنێت.

نەوشیروان مستەفا، وەک هاونیشتیمانییەکى عێراقى وابو، نە کورد نە سوننە نە شیعەبونى پێوە دیار نەبو، وەک کاریزمایەک دەیبینم، سەرکردەیەکى پاک و ئازا و پاڵەوان کە دەیویست دەوڵەت بنیات بنێت لەسەر بنەماى دامەزراوەیى بون، دەوڵەتێکى عێراقى فیدراڵى کە هەمو عێراقییەکان لەخۆ بگرێت.

پیاوێک بو حەزى لە راگەیاندن و ناوبانگ و پارە و سامان نەبو، ئەو پیاوێکى سادە و پۆشاکێکى سادەشى لەبەردەکرد، تەنانەت ئەو جگەرەیەشى دەیکێشا زۆر سادەبو، بەخشندەبو لە رەوشتدا، جگە لەوەى پیاوێکى ئازا و پاک بو.

ئەوەى لەودا سەرنجى منى بۆ خۆى راکێشاوە ئەوەبو کە دەیویست دەوڵەتێکى دامەزراوەیى بنیات بنێت و لەجیاتى ناوبانگ و کارکردن بۆ خۆى و بنەماڵەى، کارى بۆ خەڵک دەکرد و سەرکردەیەکى سادە و پاک بو، ئەوەش لەناو سیاسییەکاندا زۆر کەم و دەگمەنە.


کۆچى ئەو زیانێکى زۆر بو لە گەلى عێراق بە گشتى و بە تایبەت تر بۆ گەلى کورد
بەڕاستى هەواڵى کۆچى دوایى نەوشیروان مستەفا زۆر نیگەرانى کردم، زیادەڕۆیى نەبێت کە بڵێم بەو هەواڵە گریام، زۆر دڵتەنگ و خەمبار بوم، سەردانى مەزارگەکەیم کرد و لەگەڵ خوێندنى سورەتى فاتیحا دا خەمەتباربوم، چونکە کۆچى ئەو زیانێکى زۆر بو لە گەلى عێراق بە گشتى و بە تایبەت تر بۆ گەلى کورد کە لەم قۆناغەدا ئەو سەرکردەیەیان لەدەستدا.

راستە گەلى عێراق و گەلى کورد نەوشیروان مستەفایان لەدەستدا، بەڵام کوردستان و عێراق لەوەدا براوەبون کە نەوشیروان مستەفا بزوتنەوەیەکى گەورەى دامەزراندوە و خوازیارم ئەوانەى دواى خۆى درێژە پێدەرى رێگاکەى بن و بەشوێن پێى ئەودا بڕۆن.


هەواڵی زیاتر