بزوتنەوەی گۆڕان: نەوشیروان مستەفا موڵکی هەمو خەڵک‌ و خاکی کوردستانە

20/05/2019

ڕاگەیەندراوی فەرمی

بزوتنەوەی گۆڕان لە دوەم ساڵیادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا بەیاننامەیەک بڵاودەکاتەوەو رایدەگەیەنێت؛ کاک نەوشیروان تەنها موڵکی یەک لایەن‌و یەک پارچەی کوردستان نیە بەڵکو، موڵکی هەمو خەڵک‌و خاکی کوردستانە.

لە بەیاننامەکەدا هاتوە: "ئەمڕۆ دو ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر کۆچی دوایی سەرکردەی ناوداری جوڵانەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان، نەوشیروان مستەفا. کاک نەوشیروان نەک تەنها بۆ نزیکەی نیو سەدە وەک سەرکردەیەکی نیشتیمانی‌و نەتەوەیی گەورە بەشداری کاریگەری لە خەباتی رزگاریخوازی کورد کردوە بەڵکو، وەک کەسایەتییەکی هەڵکەوتو لە بواری فیکری، رۆشنبیری، مێژویی، پێشمەرگایەتی، ئەدەبی‌و رۆژنامەگەریدا شوێن پەنجەی دیار بوە".

بزوتنەوەی گۆڕان لەم بۆنەیەدا جەخت لە "گرنگی یەکڕیزی نێوان هەمو هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکاتەوە، بەوانەی دەچنە دەسەڵات‌و ئەوانەش کە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن هەڵدەبژێرن. تاکو بتوانین هەمومان بەیەکەوە روبەڕوی ئەو ئاڵنگاریانەی بەردەممان ببینەوەو قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان بپارێزین‌و ئەو ناوچانەی لەدەستمان داوە بیانگێڕینەوە".

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا گۆڕان ئاماژەی بە دۆخی ناوخۆیی بزوتنەوەکە کردوەو تیایدا هاتوە "جڤاتی نیشتیمانی بڕیاریداوە دوا بەدوای پێکهێنانی حکومەتی هەرێم کۆنفرەنسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان ببەسترێ. ئەرکە گرنگەکانی کۆنفرەنس بریتی دەبن لە پێداچونەوە بە دەستوری گۆڕان‌و بەرنامەی سیاسی‌و هەڵسەنگاندنی ئەدای ئۆرگانەکان‌و رێکخستنەوەیان‌، بۆ ئەوەی گۆڕان بتوانێ لە ئاست چاوەڕوانی گۆڕانخوازان‌و هاوڵاتیانی کوردستان بێت. بزوتنەوەی گۆڕان لەم روەوە پێشوازی لە هەر سەرنج‌و تێبینی‌و رەخنەو پێشنیارێک دەکات لە چوارچێوەی ئۆرگان‌و پرنسیپە رێکخراوەییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان".

دەقی بەیاننامەکە

بەیاننامەی بزوتنەوەی گۆڕان بەبۆنەی ساڵیادی کۆچی دوایی کاک نەوشیروانەوە

هاونیشتیمانیانی کوردستان…
ئەمڕۆ دو ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر کۆچی دوایی سەرکردەی ناوداری جوڵانەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان، نەوشیروان مستەفا. کاک نەوشیروان نەک تەنها بۆ نزیکەی نیو سەدە وەک سەرکردەیەکی نیشتیمانی‌و نەتەوەیی گەورە بەشداری کاریگەری لە خەباتی رزگاریخوازی کورد کردوە بەڵکو، وەک کەسایەتییەکی هەڵکەوتو لە بواری فیکری، رۆشنبیری، مێژویی، پێشمەرگایەتی، ئەدەبی‌و رۆژنامەگەریدا شوێن پەنجەی دیار بوە. ئەم سەرکردە مەزنە وەک لاوێکی خاوەن توانا بەشداری شۆڕشی ئەیلولی کردوەو لە شۆڕشی نوێی گەلەکەمانیش رۆڵی سەرکردەیەکی ژیرو کارای دیوەو ئەندازیاری راپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ساڵی ١٩٩١ بوە. لە دوای راپەڕینیش سەرکردایەتی رەوتی بنیاتنانی پایەکانی دەوڵەتی کوردستان‌و  بەنیشتیمانیکردنی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم‌و چاکسازی کردوە. شۆڕەسواری چەسپاندنی مافە نەتەوەییەکانی کورد بوە لە گفتوگۆکانی نێوان کورد‌و بەرامبەرەکانیدا بە نوسینەوەی دەستوری عیراقیشەوە. دوا وێستگەی خەباتی سیاسی کاک نەوشیروان دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان بو. هەر بۆیە کاک نەوشیروان تەنها موڵکی یەک لایەن‌و یەک پارچەی کوردستان نیە بەڵکو، موڵکی هەمو خەڵک‌و خاکی کوردستانە.

ئێمە لە کاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە کوردستان‌و ناوچەکە بە بارودۆخێکی دژوارو ئاڵۆزدا تێدەپەڕێ. گرژی‌و ئاڵۆزی نێوان زلهێزەکان‌و هێزە ئیقلیمییەکان ناوچەکەی خستۆتە بەردەم مەترسی ئەگەری زۆرەوە. بزوتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی سیاسی کۆمەڵایەتی مەدەنی دژی ئەوەیە هەرێم‌و عیراق بکرێن بە مەیدانی شەڕی زلهێزەکان. لەلایەکی ترەوە  قەیرانی ئابوری‌و دارایی ژیان‌و گوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستانی تێکداوە. سەرەڕای ئەمانەش ناکۆکی نێوان هێزە سیاسییەکان‌ هاونیشتیمانیانی هێندەی تر نائومێد کردوەو ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی خستۆتە بەردەم هەڕەشەیەکی جیدی‌یەوە.

هاونیشتمانیانی خۆشەویست…
بزوتنەوەی گۆڕان لە هەستکردن بە بەرپرسیاریێتی‌و خەمخۆری بۆ خەڵکی کوردستان‌و لەسەر داوای پارتی دیموکراتی کوردستان دەستیکرد بە گفتوگۆو دانوستان لەگەڵ پارتی‌و رێکەوتنێکی بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم ئیمزا کرد. لەو رێکەوتنەدا توانرا بەشێکی زۆر لە پاکێجەکانی چاکسازی، کە هەموی لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە، بکرێ بە کارنامەی کابینەی داهاتو. لە بەرامبەردا هەموارکردنەوەو کاراکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم پەسەند کرا، کە تێیدا سەرۆکی هەرێم لە لایەن پەرلەمانی کورستانەوە هەڵدەبژیردرێ.



هەر لەم بۆنەیەدا جەخت لە گرنگی یەکڕیزی نێوان هەمو هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەینەوە، بەوانەی دەچنە دەسەڵات‌و ئەوانەش کە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن هەڵدەبژێرن. تاکو بتوانین هەمومان بەیەکەوە روبەڕوی ئەو ئاڵنگاریانەی بەردەممان ببینەوەو قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان بپارێزین‌و ئەو ناوچانەی لەدەستمان داوە بیانگێڕینەوە . هەر ئەمەش ماکی سەرکەوتنی گەلەکەمانەو دەبێتە رێگر لەبەردەم دوبارەبونەوەی روداوە نەخوازراوەکانی شەڕی ناوخۆو  کارەساتی شەنگاڵ لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ و لەدەستدانی کەرکوک‌و زۆربەی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان لە ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧و لاوازبونی پێگەی کورد لە بەغدا.

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی گۆڕان، جڤاتی نیشتیمانی بڕیاریداوە دوا بەدوای پێکهێنانی حکومەتی هەرێم کۆنفرەنسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان ببەسترێ. ئەرکە گرنگەکانی کۆنفرەنس بریتی دەبن لە پێداچونەوە بە دەستوری گۆڕان‌و بەرنامەی سیاسی‌و هەڵسەنگاندنی ئەدای ئۆرگانەکان‌و رێکخستنەوەیان‌، بۆ ئەوەی گۆڕان بتوانێ لە ئاست چاوەڕوانی گۆڕانخوازان‌و هاوڵاتیانی کوردستان بێت. بزوتنەوەی گۆڕان لەم روەوە پێشوازی لە هەر سەرنج‌و تێبینی‌و رەخنەو پێشنیارێک دەکات لە چوارچێوەی ئۆرگان‌و پرنسیپە رێکخراوەییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، بە ئامانجی پتەوکردنی ریزەکانی‌و باشترکردنی ئەدای ئۆرگانەکانی گۆڕان‌و بەهێزکردنەوەی متمانەی هەمو هاوڵاتیانی کوردستان بە پەیام‌و بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان.

لە کۆتاییدا بەڵێن بە هاونیشتیمانیانی کوردستان‌و روحی کاک نەوشیروان دەدەین کە داکۆکی لە ماف‌و داوا رەواکانی خەڵک بکەین‌و درێژە بە خەباتی مەدەنی بدەین‌و پابەند بین بە پەیام‌و بەرنامەکانی گۆڕان لەمەڕ هێنانەکایەی دادوەری کۆمەڵایەتی‌و چەسپاندنی سەروەری یاساو بەگژاچونەوەی گەندەڵی‌و بەنیشتیمانیکردنی دامەزراوەکانی هەرێم‌و هێزی پێشمەرگەو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆو چەسپاندنی سیستمی پەرلەمانی‌و ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک‌و ناوچە کوردستانییە دابڕینراوەکان‌و گێڕانەوەیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان. هەروەها شێلگیرانە درێژە بەو کارو بەرنامانە دەدەین کە رەوانشاد لە پەیام‌و نوسینەکانی‌‌و بۆنە فەرمییەکاندا ئاماژەی پێکردون. لە هەمان کاتدا بەکارهێنانی ناوی کاک نەوشیروان‌و بیروبۆچونەکانی بۆ مەبەستی شەخسی رەتدەکەینەوە.

هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی کاک نەوشیروان‌و هەمو ئەوانەی لە پێناوی رزگاری کوردستان‌و دەستەبەرکردنی عەدالەتدا خەباتیان کردوە.

بزوتنەوەی گۆڕان
١٩/٥/٢٠١٩


هەواڵی زیاتر