خەلیل سەرکانی: خەڵک بە ئەمەکە بەرامبەر راستگۆی و سادەیی و پاکی و قەڵەمەکەی کاک نەوشیروان

20/05/2019

هەواڵ و چالاکی

خەلیل سەرکانی رایدەگەیەنێت: خەڵکی کوردستان بە ئەمەکە بەرامبەر
راستگۆی و سادەیی و پاکی و قەڵەمەکەی کاک نەوشیروان، چونکە کاک نەوشیروان مۆڵکی تەنها
حیزب و بزوتنەوە و کەسی لایەنێک نییە، بەڵکو سەرمایەیەکی گەروەیە بۆ میلەتەکەی و خەڵک
ئەمەکە بۆ خەباتی نیوسەدەی ئەو تێکۆشەرە.

خەلیل سەرکانی، پێشمەرگە و فەرماندەی دێرین، لە دوەم ساڵیادی کۆچی دوایی
نەوشیروان مستەفادا رایگەیاند: ئەمڕۆ دو ساڵی تەواو بەسەر کۆچی ناوادەی مێژونوس و
رێبەر و پێشمەرگە و کۆمەڵناس و رۆژنامەنوس نەوشیروان مستەفادا تێدەپەڕێت کە لە
دەستدانی ئەو کەسایەتییە خەسارەتێکی گەورەیە بۆ گەلی کورد، ماوەیەکی زۆری دەوێت تا
کەسایەتییەکی وا دێتە مەیدانەوە.

ئەوەیخستەڕو کە؛ کاک نەوشیروان تەنها سەرکردەیەکی سەربازی نەبو، بەڵکو لە سەردەمی
میرەکانی کوردەوە تا بیستەکانی سەدەی (19) کۆمەڵێک کەسایەتی و رابەری ناسیۆنالیستی
هەبون، بەڵام رێبەرێکی کورد نابینی خەسڵەتی گەورەی وەک نەوشیروان مستەفا تێدابێت
کە توانای رابەرایەتی هەبێت و کەسایەتییەکی فرەلایەنی تەواو بە ئەزمون و شارەزا بێت
لەسەرجەم بوارەکان پێشمەرگایەتی و نوسین و ئەدەب و رۆژنامەنوسی و میژو کۆمەڵناسی.

خەلیل سەرکانی وتیشی :"کاک نەوشیروان دوای سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی نوێ، ئەو
سەردەمە لە نەمسا خەریکی نوسینی دو نامەی دکتۆرا بوە، لە پێناو بەرژەوەندی
میلەتەکەی و ئەو بێئومێدییە روی لە خەڵک کردبو، وازی لە هەمو شتێک و بەرژەوەندی
تایبەتی خۆی هێنا و گەڕایەوە شاخەکانی کوردستان بۆ کۆتایی هێنان بەو سەردەمی
بێئومێدییەی کە باڵی بەسەر کوردستان گرتبو، شانی دایە بەر خەبات بۆ گۆڕینی شکست بۆ
سەرکەوتن".

ئەو فەرماندە سەربازییە، ئاماژەی بەوەکرد؛ نەوشیروان مستەفا سەرکردەیەکی
سەربازیی گەورە بو کە قۆناغ بە قۆناغ شوێن پەنچەی بە خەباتی کوردەوە دیارە.

وتیشی :"کاک نەوشیروان، رێبەر بو بۆ هەر هەلومەرجێکی سیاسی و بەرنامەی
هەبو، وەک رێبەرێک تا دوا مەنزڵ و راپەڕین ئەو خەباتەی بە ئەنجامگەیاند کە لە
پێناویدا خەباتی کرد و تەمەنی پێبەخشی".

خەلیل سەرکانی ئاماژەی بوەکرد؛ کاک نەوشیروان لە هەلومەرجی دروستکردنی
حکومەت و پەرلەمان، کە بینی دیاردەی گەندەڵی و دزێوی سەریهەڵدا، درکی بەوەکردبو کە
پێویستە ئەو دیاردانە بنەبڕ بکرێن و هەوڵەکانی ئەو بۆ چاکسازیی دەستپێکرد و لەو
پێناوەشدا هەوڵ و خەباتی بێوچانی دا.
خەلیل سەرکانی رایگەیاند: کاک نەوشیروان لە هەناوی خەڵکەوە لەدایک بو، لە
چوار ساڵی ئۆپۆزسیۆن لە رێگەی راگەیاندنی ئەو بزوتنەوەیەوە تاکی کوردی هۆشیار
کردەوە کە هاوڵاتی ئەرکی چییە؟ لە پەرلەمان چی دەگوزەرێت؟ هۆشیارییەکی گەورەی دایە
تاکی کورد، بۆیە هەر لایەنێکی ژیانی کاک نەوشیروان پڕ بەرهەمە.

سەبارەت بە سەردانی خەڵک بۆ سەر ئارامگەکەی لە دوەم ساڵیادی کۆچی دواییدا،
خەلیل سەرکانی وتی: خەڵکی کوردستان بە ئەمەکە بەرامبەر راستگۆی و سادەیی و پاکی و
قەڵەمەکەی کاک نەوشیروان، چونکە کاک نەوشیروان تەنها موڵکی حیزب و بزوتنەوە و کەس و
لایەنێک نییە، بەڵکو سەرمایەیەکی گەروەیە بۆ میلـلەتەکەی و خەڵک ئەمەکی بۆ خەباتی
نیو سەدەیە هەیە، کە هەمو تەمەنی لەپێناو بەرژەوەندی میلـلەتەکەی سەرف کرد.


هەواڵی زیاتر