مونیرە عوسمان: نەوشیروان مستەفا قەڵایەک بو بۆ پاڵپشتی کردن لە ژنان

20/05/2019

هەواڵ و چالاکی

مونیرە عوسمان، ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بە پاڵپشتییەکانی
رێبەری نیو سەدە لە خەباتی گەلی کورد دەکات بۆ ژنان و رایدەگەیەنێت؛ کاک نەوشیروان
یەکەم کەس بو کە لە کۆنگرە دەستی بەرز کردەوە بۆ دیاریکردنی رێژەی ژنان لە
پۆستەکاندا.

ناوبراو لە دوەم ساڵیادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا، سەبارەت بە
پاڵپشتی بۆ گەنجان و ژنانیش رایگەیاند؛ کاک نەوشیروان وەک چۆن لە رابردودا
لەسەردەمی شاخ پشگیری هاوڕێکانی کردوە، کاتێکیش دێتەوە شار هەمیشە پاڵپشتی ژنان و گەنجان
بوە و رێگەخۆشکەر بوە بۆیان، بۆ نمونە ساڵی 2009 کاتێک گۆڕان دروست دەبێت، بەپێی ئامارێکی
رێکخراوە بیانییەکان، فراکسیۆنەکانی گۆڕان لە بەغداو کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان
گەنجترین ئەندامەکان پێکدەهێنن.

ئاماژەی بەوەشکرد، کاک نەوشیروان بڕوای وابو دەبێت ژن خۆی تواناو لێهاتویی
هەبێت و جێگەی دیاربێت و رۆڵی هەبێت، لەمڕوەوە دەڵێت: "لەناو حیزبدا وەکو
قەڵایەک لە پشتمان بو، لە کۆنفرانسی نیشتیمانی گۆڕاندا یەکەم کەس بو دەستی
بەرزکردەوە بۆ پاڵپشتی لە ژنان و دیاریکردنی رێژەی (30)ی پۆستەکان بۆ ژنان".

سەبارەت بە پرسی کاری پەرلەمانتاری و چاکسازیش کە نەوشیروان مستەفا خەباتی
بۆ کردوە، مونیرە عوسمان دەڵێت: "کاک نەوشیروان وەک چۆن ئەندازیاری شۆڕشی نوێ
و راپەڕین بو، ئاوهاش ئەندازیاری هێنانە ئارای ئۆپۆزسیۆنێکی کارا بو، کە دژی
گەندەڵی و نادادی بو، لەپێناو چاکسازی ریشەیی و بەدیهێنانی عەدالەت، کە دەکرێت
بڵێین ئەندازیاری شۆڕشی سپی بو".

هاوکات بەپێویستی دەزانێت سەرجەم هەڵسوڕاوان و بەرپرسانی گۆڕان بەو
رێچکەیەدا برۆن کە کاک نەوشیروان خەباتی بۆ کردوەو هەمو ژیانی خۆی بۆ تەرخانکردوەو
رێبازەکەی بەرنەدەن، تا دەیگەیەننە ئەنجام.


هەواڵی زیاتر