فراکسیۆنی گۆڕان: ناکۆکیەکانی کەرکوک زەمینەیان بۆ کردەوە تیرۆریستییەکان رەخساندوە

01/06/2019

ڕاگەیەندراوی فەرمی

فراکسیۆنی گۆڕان لە بەغدا ئیدانەی کردەوە تیرۆیستییەکانی بەغدا دەکات و رایدەگەیەنێت ناکۆکی
لایەنەکان لە کەرکوک زەمینە بۆ کردەوە تیرۆریستییەکان رەخساندوە و داوای یەکڕیزی و
یەکهەڵوێستی لایەن و پێکهاتەکانی شارەکە دەکات.

لە بەیاننامەیەکدا کە سەبارەت بە تەقینەوەکانی شەوی رابردوی کەرکوک بڵاوی کردوەتەوە؛
فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئیدانەی ئەو کردەوە تیرۆریستییە
دەکات و رایدەگەیەنێت: ئەو تەقینەوانە نمونەیەکە لە کردەوەی ترسنۆکانە بۆ
زیانگەیاندن بە پێکەوەژیان و برایەتی نێوان پێکهاتەکانی گەل و ئەنجامدەرانی ئەو
کارانەش دەیسەلمێنن کە تەنها دەتوانن لە تاریکیدا بژین.

فراکسیۆنی گۆڕان رایدەگەیەنێت: بەردەوامیی ناکۆکییەکان لەسەر کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە،
بەمانای دەرفەتی زیاترە بۆ هێزەکانی تیرۆر بۆ بەردەوامییدان بە کردەوە تاوانکارییەکان
و جەخت دەکاتەوە،؛ پێشئەوەی ئۆباڵی ئەو کردەوانە بخەنە ئەستۆی هێزە تیرۆریستییەکان،
پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و دەزگا ئەمنییەکان و دامەزراوەکانی کۆمەڵکەی
مەدەنی و پێکهاتەکانی شارەکە پێکەوە رێگەچارەی گونجاو بدۆزنەوە بۆ ئاسایی کردنەوەی
دۆخی ئیداری و ئەمنی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکانی دیکە.

هەروەک لە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی نیشتیمانی و یاسایی و ئەخلاق،ی فراکسیۆنی گۆڕان داوای
کاراکردنەوە رێکارەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی ماددەی (140)ی دەستور دەکات کە لە
ئەستۆی دەسەڵاتدارنی حکومەتی فیدراڵییە و داواش دەکاتە سەرجەم رێکارە ئیداری و
یاسایی و ئەمنییەکان رابگیرێن کە پێچەوانەی ئەو ماددە دەستورییە گیراونەتەبەر.

فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەینێت: هەنگاوی یەکەم بۆ ئاسایی کردنەوەی
دۆخەکە پاراستنی سەرو ماڵی هاوڵاتیان و راپێچکردنی ئەو بەرپرسانەی کەرکوکە کە
تۆمەتبارن بە گەندەڵی بۆ بەردەم دادگا و باشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و
بونیاتنانەوەی ناوچە ئازادکرداوەکانە.

هەروەها داوا
لەسەرجەم پێکهاتەکانی کەرکوک دەکات یەکڕیزبن بۆ پاراستنی ئارامی و بەرەوپێشبردنی
شارەکە، چونکە ئەو خوێنەی دوێنێ لە شارەکە رژا جیاوازیی نەکرد لەنێوان کورد و
عەرەب و تورکمان، بۆیە پێویستە هەمو هەوڵێک بدەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندی پارێزگاکە
و ئاسایش و ئارامی شاری کەرکوک، کە شاری پێکەوەژیان و برایەتییە.


هەواڵی زیاتر