گۆڕان:‌ بە هەمان گوڕ و تینی جارانەوە درێژە بە خەباتی مەدەنی دەدەین

28/07/2019

ڕاگەیەندراوی فەرمی

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ده‌یه‌مین ساڵیادی یەکەمین بەشداری سیاسیدا به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و رایدەگەیەنێت؛ بزوتنەوەی گۆڕان شێوازی کاری حیزبایەتی و ململانێی چه‌کداری گۆڕی بۆ خه‌باتی مه‌ده‌نی و پەرلەمانی و مۆدێلێکی نوێی حیزبایەتی داهێنا جەختیش دەکاتەوە لەوەی بەشداریی گۆڕان لە ئێستا و رابردودا لە حکومەت، له‌ پێناوی چاکسازیدا بوە.


ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان

دە ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژی 25ی تەموزی ساڵی 2009دا بزوتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی نوێی مەدەنی، جەماوەری و چاکسازیخواز، بەشداریكرد لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا و بۆیەكەمجار لە مێژوی هەرێمدا توانی وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی گەورە بچێتە پەرلەمان و هاوكێشەی سیاسی هەرێمی کوردستانی بگۆڕی و وه‌رچه‌رخانێکی سیاسیی گه‌وره بو لە مێژوی خەباتی گەلی کوردستاندا، کە بۆیه‌که‌مجار هێزێکی مه‌ده‌نی، به‌دیدێکی ڕون ململانێی سیاسی بۆ چاکسازی  دەستپێکرد.

بزوتنەوەی گۆڕان، شێوازی کاری حزبایەتی و ململانێی چه‌کداری گۆڕی بۆ خه‌باتی مه‌ده‌نی و پەرلەمانی و مۆدێلێکی نوێی حزبایەتی داهێنا و هۆشیاری زۆری دروستکرد لەسەر دیدی هەموان، به‌ جۆرێک ئه‌و گه‌نده‌ڵی و نادادی و پێویستیی چاکسازییەی ئێستا لە هەمو ئاستەکاندا باسی لێوەدەکرێ، بەشی دیاری، بەرهەمی دەساڵی رابردوی خەباتی بزوتنەوەی گۆڕانە.

بزوتنەوەی گۆڕان پێیوایە، پرسی کەرکوک و دوز و خانەقین و شەنگال و هەمو ناوچە کێشەلەسەرەکان بەوە چارەسەر دەبن کە دۆخی سیاسی، کارگێڕی، ئەمنیی و سەربازیی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێتەوە، ئەمیشیان بە بەبێ گەڕانەوە بۆ دەستور و تێکگەیشتن و رێککەوتنی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی چارەسەر ناکرێ. هەروەها کێشەکانی نێوان هەرێم و ناوەند لە خۆدزینەوە لەجێبەجێکردنی مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان (ماددەی ١٤٠، نەوت و غاز، پێشمەرگە و بودجە) بە دانوستان چارەسەربکرێن، چونکە کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان لە بارێکی ناسەقامگیردان، بەم بۆنەیەوە بزوتنەوەی گۆران، پێداگری لەسەر پەیامەکانی خۆی دەکاتەوە لەوەی کە پێویستە هەرچی زوە ململانێ ناوخۆییەکان بەلابنرێن و لە بەرژەوەندی ئەو ناوچانە هێزولایەنە سیاسییەکان لە ئاستی باڵادا کۆببنەوە و پلانی ستراتیژیی بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئەو ناوچانە و هاوڵاتییانی دابنێن، کە رەچاوی تایبەتمەندیی ناوچەکە بکات.

لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش، بزوتنەوەی گۆڕان، وێڕای دوپاتكردنەوەی پەیامی بەردەوامیدان بەخزمەتکردن بە خەڵکی کوردستان و درێژەدان بە خەباتی مەدەنی بۆ روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و ناعەدالەتی و بەدیهێنانی دادپەروەری و بونیادنانی حکومەتی هاوڵاتی و بەدامەزراوەییکردنی دامەزراوە نیشتمانییەکان، بەردەوامە لەسەر ڕێبازی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا، بۆ پارێزگاریکردن لە بەها نیشتمانی و نەتەوەییەکان.

ئێستاش، کە بزوتنەوەی گۆڕان یادی دە ساڵەی دامەزراندنی دەکاتەوە، هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەکە لەبەردەم قۆناغێکی نوێدان، دۆخی ناوچەکە و مەترسییەکانی هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان ئەمریکا و ئێران، کاریگەریی و لێکەوتەکانی لەسەر عێراق و هەرێم و ناوچەکە لە ڕوی مرۆیی، سیاسی، ئابوری دەبێت، گۆڕان لە دژی ئەوەیە قەیران و کێشەکان بە ڕێگای جەنگ و شەڕ چارەسەر بکرێن.

بەشداریی بزوتنەوەی گۆڕان ئێستا و رابردو لە حکومەتدا، له‌ پێناوی چاکسازی و پرۆژەکانی چاکسازیدا بوە و دەبێت، ئێستا و داهاتوش بە هەمان مەبەست و بە هەمان گوڕ و تینی جارانەوە درێژە بە خەباتی مەدەنییانەی خۆی دەدات و روبەڕوی هەمو ئاستەنگ و بەربەستییەکان دەبێتەوە. لەسەر ئاستی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕانیش، هەمو هەوڵ ئامادەکارییەک دەکرێت، کە کۆنفرانسی نیشتمانی و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان لەمساڵ (٢٠١٩)دا ئەنجامبدات.

بزوتنەوەی گۆڕان
25/07/2019


هەواڵی زیاتر