نما و چیا نەوشیروان مستەفا: مام جەلال سەرکردەیەکی تێکۆشەر و دیپلۆماسێکی بەتوانا بو

04/10/2019

کۆمەڵایەتی

لە دوەم ساڵڕۆژی كۆچی دوایی مام جەلال، نما و چیا نەوشیروان مستەفا لە پەیامێكدا رایدەگەیەنن مام جەلال سەرکردەیەکی تێکۆشەر و دیپلۆماسێکی بەتوانا بو کە جێ پەنجەی بەسەر نەخشەی سیاسەتی نیو سەدەی رابردوی میللەتەکەمانەوە هەبوە.

هەر لەو پەیامەدا هاتوە: جەنابی مام جەلال سەرکردە و کەسایەتییەکی ناوچەکە و جیهان بو و لەژیانی سیاسی خۆیدا بە تایبەتتر لە دەیەی رابردودا زۆر پێداگریی لەسەر یەکڕیزیی هێزە سیاسیەکان دەکردەوە، ئێستاش ناو ماڵی کورد لەهەموکات زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی و سەقامگیریی ناوخۆیی هەیە.

دەقی پەیامەكە:
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان ‎
ئەمڕۆ دو ساڵ بەسەر کۆچی دوایی سەرکردەی ناودار جەنابی مام جەلال تێدەپەرێت.

مام جەلال سەرکردەیەکی تێکۆشەر و دیپلۆماسێکی بەتوانا بو کە جێ پەنجەی بەسەر نەخشەی سیاسەتی نیو سەدەی رابردوی میللەتەکەمانەوە هەبوە.

‎لەم بارودۆخەدا بەڕونی هەست دەکرێت کە کۆچی ئەو سەرکردەیە چ بۆشاییەکی لەناوخۆی یەکێتی و کوردستان و هاوکێشەی سیاسی عێراقدا جێهێشتوە.

جەنابی مام جەلال سەرکردە و کەسایەتییەکی ناوچەکە و جیهان بو و لەژیانی سیاسی خۆیدا بە تایبەتتر لە دەیەی رابردودا زۆر پێداگریی لەسەر یەکڕیزیی هێزە سیاسیەکان دەکردەوە، ئێستاش ناو ماڵی کورد لەهەموکات زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی و سەقامگیریی ناوخۆیی هەیە.

‎پاراستنی دەستکەوتەکانی کوردستان و مافە دەستورییەکانمان تەنها لەرێگای رێکخستنەوەی ناوماڵی کوردستان و گەڕانەوەی متمانە و پێکەوەکارکردن دەستبەر دەبێت، بۆیە داوا لە هەمو هێزە نیشتمانپەرەوەکان دەکەین پێکەوە سەقامگیریی ناوخۆیی بپارێزن و پشتگیری هەمو هەنگاوێکی چاکسازی و بەدامەزراوەییکردنی حکومەت و هەرێمەکەمان بکەن و لەبەغدا کاربکەن بۆ گەڕانەوە و پاراستنی مافە دەستورییەکانمان کە بەری رەنج و خەبات و قوربانیدانی دەیان ساڵەی گەلە تێکۆشەر و ماندوەکەمانە.

‎لەکۆتاییدا سڵاو و درود بۆ گیانی مام جەلال دەنێرین و یادی هەمیشە زیندوبێت.

‎نما نەوشیروان مستەفا ‎
چیا نەوشیروان مستەفا


هەواڵی زیاتر