کەنەکە و گۆڕان جەخت لەسەر یەکڕیزیی کورد دەکەنەوە

02/12/2019

هەواڵ و چالاکی

ئەمڕۆ دوشەممە، وەفدى کەنەکە سەردانى مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕانى کرد و لەلایەن رێکخەرى گشتى و ژمارەیەک ئەندامی خانەی راپەڕاندن و هەڵسوڕاوانەوە پێشوازیان لێکرا،

لە کۆبونەوەکەدا، وەفدی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد (کەنەکە) پیرۆزبایی لە هەڵبژاردنى رێکخەرى گشتى و خانەی راپەڕاندنی لە بزوتنەوەى گۆڕان کرد، تییدا گفتوگۆ کرا دەربارەى دۆخی کوردستان و یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکان و یەکهەڵوێستى کورد کرا و جەختکرایەوە کە کورد لە هەر کاتێک زیاتر پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگى یەکتر هەیە.

دوابەدوای کۆبونەوەکە، ئەحمەد قەرەموس هاوسەرۆکى کەنەکە لە لێدوانێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە کۆبونەوەماندا لەگەڵ رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان دەربارەى پرسى یەکێتى نەتەوەیی و ئەو هێرشانەى لەسەر رۆژئاواى کوردستانە گفتوگۆمان کرد و لەو بارەیەوە هەڵوێستى هاوبەشمان هەبو هەڵوێستى هەردولامان زۆر ئەرێنی بو.

وتیشى: :"هەر چوار پارچەى کوردستان لەژێر هەڕەشەى دوژمناندایە بۆیە پێویستە هەمو کورد هەڵوێستێکى هاوبەش و نەتەوەیی هەبێت بۆ پاراستنى  هەمو کوردستان و یەکڕیزى نەتەوەیی لە هەر چوار پارچەى کوردستان و داوا دەکەین هەڵوێستى هەمو کوردستان یەک بێت".

هەروەک سوپاسى بزوتنەوەى گۆڕانی کرد کە نوێنەرەکانیان لەناو کۆنگرەى نەتەوەیی کورد بەشداریى کارا و رۆڵى کاریگەریان هەبوە .

هاوکات، برزۆ مەجید، سکرتێرى کاروبارى خەڵک لە خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان لە بارەى سەردانى وەفدى کەنەکە رایگەیاند:  لە کۆبونەوەکەدا چەند خاڵێکى گرنگ جەختى لەسەر کرایەوە یەکێک لەو خاڵانە ئەو روداوانەى ئێستان کە لە ناوچەکە بە گشتى و لە پارچەکانى کوردستان بە تایبەتى هاتونەتە پێشەوە، گرنگە هەمو هاوکار و هەماهەنگى یەکتر بین و یەکڕیز بین بۆ روبەڕوبونەوەى ئەو روداوانەى کە دێنە پێش.

ئاماژەى بۆ ئەوەکرد؛ پەیوەندییەکانى هەمو پارچەکانى  کوردستان بەیەکەوە گرنگە و پێویستە دەنگى هەمو پارچەکانى کوردستان بەیەکەوە بگاتە ناوەندە گرنگەکانى دنیا و پێویستە یەکڕیزیى لە نێوان هەمو لایەنەکان و پارچەکانى دیکەى کوردستاندا دروست ببێت.

سلێمانى/ بڕیار نامیق
فۆتۆ/ باڵا ئاکۆ


هەواڵی زیاتر