گۆڕان: لەگەڵ یەک هەڵوێستی و یەکگرتویین

02/12/2019

هەواڵ و چالاکی

رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، جەخت لەسەر یەکگرتویی و یەک هەڵوێستی لایەنە کوردیەکان لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت: "پێشتر بە ئەمەریکیەکانمان وتوە؛ کورد بەکرێگیراو نییە و تەنیا بۆ پارە و چەک شەڕ ناکات، بەڵکو نەتەوەیەکە داوای ماف و خەبات بۆ هێنانەدی ئامانجە نیشتمانیەکان دەکات."

ئەمڕۆ یەکشەممە (2019/12/2)، عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ وەفدێکى باڵاى کۆنگرەی نەتەوەیی کورد (کەنەکە) کە لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی بەڕێوەچو رایگەیاند: "گۆڕان پشتگیری سیاسی و دیپلۆماسی و میدیایی لە خەباتی کورد لە هەمو پارچەکانی کوردستان دەکات و، لەم دۆخە ئاڵۆزەی لە عێراق و سوریاش دەگوزەرێ یەکهەڵوێستی و یەکگرتویی لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان پێویستیەکی یەکجار گرنگە."

هاوکات پاراستنی قەوارە و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بە ئەرکی هەمو لایەنە کوردیەکانی زانی و، ئاماژەی بەوەشکرد گەندەڵی و کەموکورتی ئیداری هەیە هەربۆیە ئەنجامدانی چاکسازی و خزمەتکردنی خەڵکی کوردستانی وەک ئەولەویەتی سیاسیی بزوتنەوەى گۆڕانە و وتیشى:"رێککەوتنی لایەنە سیاسیەکان بۆ رەوینەوەی مەترسیەکانی سەر رۆژئاوا پێویستە".

لاى خۆیەوە ئەحمەد قەرەموس هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، سوپاسی پشتیوانی و پشتگیری بەردەوامی گۆڕانی کرد لە ئەرکەکانی کەنەکە و سەرخستنی کارەکانی (١٩)هەمین کۆنگرەیان، ئاماژەى بەوەشکرد کە رۆڵی بزوتنەوەی گۆڕانی لە پشتوانی بەردەوامی کێشەی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و پەرۆشیان بۆ یەکڕیزی و یەکگرتویی گوتاری کوردی لەسەر ئاستی هەرێم و پارچەکانی دیکەی کوردستان. جێى نرخاندنە.

هاوسەرۆکی کەنەکە، وتیشی: "ئاڵنگاریەکانی بەردەم کورد لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان زیاتر بوە، روداوە سیاسیەکانی عێراق و سوریا و پێگەی کورد بۆ ئێمە جێی بایەخن، لەبەرئەوە هاتوین پارتە سیاسیەکان لەنزیکەوە ببینین و دواین گۆڕانکاریە سیاسیەکانیان تاوتوێ بکەین و لە پێناو رەوینەوەی مەترسیەکان داوای یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیان لێ بکەین."


هەواڵی زیاتر