پەیامی پیرۆزبایی لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە

23/05/2020

ڕاگەیەندراوی فەرمی

بە بۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە، بزوتنەوەی گۆڕان پیرۆزبایی ئاراستەی مسوڵمانان و کوردستانیان و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکات.
لە پەیامەکەدا هاتوە؛ هیواخوازین خوای گەورە رۆژوو و خواپەرستی هەمو لایەک قبوڵ بکا، ئەم بۆنە پیرۆزەش هۆکاری چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی، ئارامی، چارەسەرکردنی کێشەکان و تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی و ئابوری بێت.

 بزوتنەوەی گۆڕان لە پەیامەکەیدا ڕایدەگەیەنێت: ئەرکی هێزە سیاسیەکانە ئەم بۆنە ئاینیە وەک دەرفەتێک سەیر بکەن بۆ پتەوکردنی پەیوەندیە سیاسیەکان و زاڵبون بەسەر کێشە و ئاڵنگارییەکان، بە ئاراستەی پەیڕەوکردنی چاکسازی گشتگیر.
دەقی پەیامەکە

جەژنتان پیرۆزبێت..

بە بۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی مسوڵمانان و کوردستانیان و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەین، هیواخوازین خوای گەورە رۆژوو و خواپەرستی هەمو لایەک قبوڵ بکا، ئەم بۆنە پیرۆزەش هۆکاری چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی، ئارامی، چارەسەرکردنی کێشەکان و تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی و ئابوری بێت.

ئەگەرچی جەژن بۆنەی خۆشی دەربڕینە، جگەلە بایەخە ئاینیەکەی، هۆکاری بەیەکگەیشتی زیاتری خەڵک و توندوتۆڵکردنەوەی پەیوەندیەکان و بەهێزکردنەوەی روحیەتی لێبوردەییە، بەڵام بەداخەوە، بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا؛ هاوڵاتیان لەم کاتەدا وەک پێویست ناتوانن سروتە ئاینی و کۆمەڵایەتیەکان جێبەجێ بکەن.

ئومێد دەکەین، ئەم جەژنە پیرۆزە، سەرەتای کۆتایی ناخۆشیەکان و تەنگوچەڵەمەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و عێراق و هەرێمی کوردستان بێت. لەسەر ئاستی عێراق هەمو هەنگاوەکان بۆ رێککەوتنێکی هاوسەنگ بێت لەگەڵ بەغدا بەشێوەیەک ماف و بەرکەوتە داراییەکانی خەڵکی هەرێم پارێزراو بێت.

لە ناوخۆی هەرێمیشدا، ئەرکی هێزە سیاسیەکانە ئەم بۆنە ئاینیە وەک دەرفەتێک سەیر بکەن بۆ پتەوکردنی پەیوەندیە سیاسیەکان و زاڵبون بەسەر کێشە و ئاڵنگارییەکان، بە ئاراستەی پەیڕەوکردنی چاکسازی گشتگیر.

بزوتنەوەی گۆڕان
٢٣ی ٥ی ٢٠٢٠


هەواڵی زیاتر