لایەنە سیاسییەکان لەهەولێر کۆبونەوە

02/07/2018

ژوره‌کان

ئەمڕۆ بەرپرسى یەکەمى هەولێرى لایەنە سیاسییەکان لە هەولێر کۆدەبنەوە بۆ
تاوتوێکردنى رێکارە یاسایى و مەدەنییەکان بەرامبەر ئەو ساختەکارییەى لە
هەڵبژاردنەکان لەلایەن دەسەڵاتەوە لە هەرێم و کەرکوک کرا، ئەوە لەکاتێکدایە
دوێنێ کۆبونەوەى لوتکەى شەش لایەنە سیاسیەکە لە هەولێر ئەنجامدرا و لەگەڵ
رەتکردنەوەى ئەنجامى هەڵبژاردنەکان داواى دوبارەکردنەوەى پرۆسەکەیان کرد.

هەنگاو هاشم، بەرپرسى میدیاى مەکۆى هەولێرى بزوتنەوەى گۆڕان لەبارەى
کۆبونەوەکەوە بە (سبەى) راگەیاند؛ پێش نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە بەرپرسانى
یەکەمى پێنج لایەنى سیاسى لە شارى هەولێر، لە بارەگاى ژورى پەیوەندییە
سیاسیەکانى بزوتنەوەى گۆڕان کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنى هەمو رێکارە یاسایى و
مەدەنییەکان بەرامبەر ئەو ساختەکاریە گەورەیەى لە هەرێمى کوردستان و
کەرکوک لە پرۆسەى هەڵبژاردن ئەنجامدرا.

ئاماژەى بەوەشکرد؛ بەشێکى بەشدارانى کۆبونەوەکە گەیشتون و بڕیارە کەمێکى
دیکە کۆبونەوەکە دەستپێبکات، ئەوەش لە چوارچێوەى ئەو جوڵە سیاسى و
دیپلۆماسییەدایە کە لایەنەکان دەیگرنە بەر بەرامبەر ئەو ساختەکاریەى لە
هەلبژاردنەکەى (12)ى ئایار ئەنجامدرا، بەوپێیەى بارەگاى نەتەوە یەکگرتوەکان
و نوێنەرایەتى وڵاتان لە هەولێرن. ئەوە لەکاتێکدایە؛ دوێنێ دوشەممە
هەرەیەکە لە بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان، هاوپه‌یمانی
دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری، كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان، بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی
كوردستان و حزبی شیوعی كوردستان لە هەولێر کربونەوە و لە راگەیەنراوێکدا
ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان و كۆی پرۆسه‌ى هەڵبژاردنەکەیان رەتکردەوە بە هۆی
زه‌وتكردنی ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ری كوردستان و دزینی ده‌نگه‌كانیان و  داوای
دوباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌یان کرد لە هه‌رێمی كوردستان و
پارێزگای كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان له‌ ژێر چاودێری نێوده‌وڵه‌تی و
ئاشکرایان کرد لەو پێناوەشدا هه‌مو رێكاره‌ سیاسی و یاسایی و مه‌ده‌نیه‌كان
ده‌گرنه‌ به‌ر دور له‌ توندوتیژی .


هەواڵی زیاتر