بزوتنەوەی گۆڕان و کونسوڵى ئەمەریکا ڕێککەوتنی عێراق و هەرێم بە گرنگ دەزانن

19/01/2021

هەواڵ و چالاکی

بزوتنەوەى گۆڕان و کونسوڵى ئەمەریکا لە هەولێر،گفتوگۆ و رێککەوتنى هەرێم و بەغدا بە پێویست دەزانن.

ئەمڕۆ سێشەممە (19/1/2021)، رۆب وۆڵەر کونسوڵی ئەمەریکا لە هەولێر، سەردانی مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد لە شاری سلێمانی و لەلایەن عومەر سەید عەلی، رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان و ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان پێشوازی لێکرا.

لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆکرا سەبارەت بە دۆخی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و  پەیوەندییەکانی هەردو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی و دۆخ و گوزەرانی هاوڵاتیان.

شوناس شێرکۆ جدی، ئەندامی ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بە دیجیتاڵ میدیاى(KNN) راگەیاند؛ لە کۆبونەوەکەدا بزوتنەوەی گۆڕان جەختی کردوە کە پێویستە بە زوترین کات کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێن، بەتایبەتی کێشەی بودجە و موچە، چونکە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە دۆخ و گوزەرانێکی خراپدان، هەروەها جەختکرایەوە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان بەپێی دەستور.

وێنە.. بڕیار نامیق


هەواڵی زیاتر