دلێر عەبدولخالق: رێگە چارەسەر ئاشتییە، چونکە لە (40) ساڵى رابردودا تورکیا بەشەرکردن سەرکەوتو نەبووە

15/05/2021

ڕاگەیەندراوی فەرمی

نوێنەرى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ لەماوەی (40)ساڵی رابردودا تورکیا بە شەڕ سەرکەوتوو نەبووە، بۆیە رێگەی چارەسەری ئاشتی و گفتوگۆیە، دەشڵێت: وەک بزوتنەوەی گۆڕان هەمیشە جەخت لە سەر هێڵە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان دەکەینەوە.

لە کۆنفرانسى کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان(کەنەکە)، کە بە ناونیشانی "راوێژی هەڵوێستی نەتەوەیی دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک" لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی زووم بەڕێوەچوو، دلێر عەبدولخالق بە نوێنەریەتى بزووتنەوەی گۆڕان بەشدارى کردبو رایگەیاند: بەهەمان دیدی و تێڕوانینى رەوانشاد نەوشیروان مستەفا پێمان وایە خاکی کوردستان خاکێکی بەش بەشکراوە و میللەتەکەمان لە بەشەکانی دیکەی کوردستان مافی دەستەبەرکردنی مافەکانی خۆیان هەیە.

ئاماژەی بۆ ئەوە شکرد؛ ئەوان وەک بزوتنەوەی گۆڕان هەمیشە جەخت لەسەر هێڵە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان دەکەنەوە، بۆیە لەگەڵ مافی رەوای کوردن لە پارچەکانی دیکەی کوردستان و هەماهەنگ و هاریکارن لە گەڵ هەموو هێزە سیاسییە تێکۆشەرەکانی پارەچەکانی دیکە، کە هەوڵدەدەن لە رێگەی سیاسییەوە مافەکانی نەتەوەى کورد دەستەبەر بکەن.

لەبارەی هێرشەکانی تورکیا، نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان ئاشکرای کرد: تورکیا کە یەکێکە لە ئەندامە بەهێزەکانی ناتۆ، بە ئەزموونی (40)ساڵی رابردوو لە رێگەی ئۆپەراسیۆن و شەڕ، هێرشی ئاسمانی و زەمینی دەرکەوتووە نەیتوانیوە سەرکەوتن بە دەست بهێنت بەرامبەر هێزەکانی پارتی کرێکرانی کوردستان، بۆیە رێگەی چارەسەری ئاشتی و گفتوگۆیە،  ئێمەوە داوا لە هەموو لایەک دەکەین کە مافی نەتەوەکەمان بە رەوا دەبینن هەوڵبدەن بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسیەکی ئاشتی راستەقینە.

دلێر عەبدولخالق جەختیکردوە، پێویستە هەموو هەوڵەکان چڕبکرێنەوە تاکو پارتی کرێکارانی کوردستان لە لیستی تیرۆر بهێنرێتە دەرەوە، پەکەکەش رۆڵی سیاسی خۆی هەبێت لە تورکیادا.

هەر لە کۆنفرانسەکەدا نوێنەرى بزوتنەوەى گۆڕان باسى لەوەکرد، پێویستە هەوڵبدەن بەغداد رۆڵی خۆی بگێرێت لە ئەنجومەنی ئاسایش بەرامبەر ئەم هێرشانە، هەروەها هەمووان رۆڵیان هەبێت لە پاراستنی دەستەکەوتەکانی باشوورو رۆژئاوای کوردستان، فاکتەرێکیش بن بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی کورد لە پارچەکانی دیکە.


هەواڵی زیاتر