ئۆپۆزسیۆن: درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی و خۆ هەڵبژاردنەوەی مەسعود بارزانی رەتدەکاتەوە

26/03/2018

ئۆپۆزیسیۆن

ئێوارەی چوارشەمە (١٠ی نیسانی ٢٠١٣) لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان؛ کۆبونەوەی لیژنەی هەماهەنگی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردستان بەڕێوەچو، تێیدا جگەلە پتەوکردنی پەیوەندی زیاتری نێوان گۆڕان و یەکگرتو و کۆمەڵی ئیسلامی، پێشنیازی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی رەتکرایەوە.
دوای کۆبونەوەیەکە، هەریەک لە یوسف محەمەد رێکخەری ژوری توێژینەوەی سیاسیی و ئەوبەکر عەلی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوی ئیسلامی و ئەنوەر سەنگاوی لە کۆمەڵی ئیسلامی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەنوسانیان دایەوە و ئاشکرایان کرد؛ هەرسێ لایەن وەڵامیان بۆ مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی ئامادەکردوە و پێشنیازی درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێم، یان خۆ هەڵبژاردنەوەی رەتدەکەنەوە.
ئاماژە بەوەشکرا بەرەی ئۆپۆزسیۆنی کوردستان پێداگیری دەکات بۆ جێبەجێکردنی هەڵبژاردنەکان لە کاتی یاسایی خۆیدا بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمیشەوە.
لەبارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات، رایانگەیاند مەرجی دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانیان لەگەڵ دەسەلات بەستراوە بە جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە (٢)ی پەرلەمانی کوردستان کە تایبەت بە چاکسازی لەهەرێمی کوردستان و گەڕانەوەی دەستور و ئەو یاسایانەی رەهەندی نیشتمانیان هەیە و جێبەجێکردنی داواکانی خۆپیشاندەرانی ١٧ی شوبات و دەستگیرکردنی تۆمەتباران.  


هەواڵی زیاتر