هاوپه‌یمانیی‌ كوردستان له‌نێوان بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و یه‌كێتیی‌ نیشتمانی‌ كوردستان ئیمزا كرا

20/06/2021

ڕاگەیەندراوی فەرمی

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 20/6/2021 بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و یه‌كێتیی‌ نیشتمانی‌ كوردستان واژۆیان له‌سه‌ر رێككه‌وتنی‌ تایبه‌ت به‌ پێكهێنانی‌ هاوپه‌یمانێتییه‌ك كرد به‌ ناوی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان كه‌ هه‌ردولا به‌ناوی‌ ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌وه‌ وه‌ك یه‌ك لیست به‌شدار ده‌بن له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق.

دوای‌ رێوڕه‌سمی‌ واژۆكردنه‌كه‌، هه‌ریه‌ك له‌ ده‌رباز محه‌مه‌د رێگه‌پێدراوی‌ هاوپه‌یمانیی‌ كوردستان و سۆران جه‌مال تاهیر ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیی‌ هاوبه‌شیان سازكرد.

له‌ كۆنگره‌كه‌دا سۆران جه‌مال تاهیر رایگه‌یاند: هیوادارین ئه‌م رێككه‌وتنه‌ ببێته‌ هه‌ناوێك بۆ زیندوكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و رێكه‌وتنانه‌ی‌ له‌ رابردودا له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كراون و جێبه‌جێ نه‌كراون.

وتیشی‌: ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانه‌ و هه‌نگاوێكه‌ بۆ كاركردن به‌ یه‌كڕیزی‌ له‌ به‌غدا، داواشمان له‌ هه‌مو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستان كردوه‌ كه‌ دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانیش پێكه‌وه‌ كار بكه‌ین، چه‌ند بتوانین له‌هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتودا له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان هاوكاری‌ یه‌ك دەبین و چاوه‌ڕێی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین ژماره‌ی‌ كوردسییه‌كان و رێژه‌ی‌ ده‌نگدانی‌ كورد و چونه‌ سه‌ر سندوقی‌ ده‌نگدان زیاد بكات.

هه‌ر له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، ده‌رباز محه‌مه‌د رێگه‌پێدراوی‌ هاوپه‌یمانیی‌ كوردستان رایگه‌یاند: رێككه‌وتنه‌كانی‌ رابردو له‌ دۆخێكدا كراون كه‌ جیاواز بوه‌ له‌ ئێستا، جگه‌ له‌وه‌ش ته‌نگه‌ژه‌ و ئاڵۆزییه‌كانی‌ رابردو هۆكار بون بۆ جێبه‌جێ نه‌كردنی‌ ئه‌و رێككه‌وتنانه‌، ئێستا قۆناغێكی‌ نوێیه‌ و ئه‌م رێككه‌وتنه‌ش نوێیه‌ و بۆ هه‌ڵبژاردنه‌، ده‌كرێت هه‌نگاوی دیكه‌ی‌ نوێی‌ به‌دوادا بێت.

وتیشی‌: پێمان وایه‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان هه‌نگاوێكی‌ باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانین پێكه‌وه‌ یه‌كده‌نگ بین به‌رامبه‌ر به‌و كێشانه‌ی‌ روبه‌ڕومان ده‌بێته‌وه‌ له‌ به‌غدا، هیوایه‌كی‌ گه‌وره‌مان هه‌یه‌ به‌وه‌ی‌ كه‌ بتوانین ئه‌وه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ رابردو له‌ به‌غدا رویداوه‌ و بوه‌ به‌ كێشه‌ بۆ هه‌رێم، دوباره‌ نه‌بێته‌وه‌ و ئاسوده‌ییه‌ك به‌تایبه‌ت له‌روی‌ دارایه‌وه‌ بۆ خه‌ڵكی‌ كوردستان بگه‌ڕێته‌وه‌.

ده‌رباز محه‌مه‌د جه‌ختی‌ له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ هاوپه‌یمانی‌ له‌ هه‌ڵبژاردن كارێكی‌ زۆر ئاساییه‌ به‌تایبه‌ت بۆ كورد، چونكه‌ تا پێكه‌وه‌ بین كاریگه‌ری‌ زیاترمان ده‌بێت، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌شدا نزیكه‌ی‌ 40 هاوپه‌یمانێتی‌ تۆمار كراوه‌.

هاوپه‌یمانیی‌ كوردستان له‌ 30ی‌ نیسانی‌ ئه‌مساڵدا له‌نێوان بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و یه‌كێتیی‌ نیشتمانی‌ كوردستان، له‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراق تۆمار كرا.

فۆتۆ: بڕیار نامیق


هەواڵی زیاتر