شۆڕش حاجی: مامەڵەی مەدەنی لەگەڵ یەکێتی و پارتی کەوتوەتە ژێر پرسیارەوە

04/10/2018

ڕاگەیەندراوی فەرمی

شۆڕش حاجی رایگەیاند: ئەو خەباتی مەدەنییەی گۆڕان وەک شاڕێی گۆڕانکاری لەکوردستان
گرتبویە بەر لە رێگای سندوقی دەنگدانەوە، لەگەڵ دو هێزی خۆسەپێنی وەک پارتی و یەکێتی دەکەوێتە
ژێر پرسیارەوە.

د.شۆڕش حاجی سکرتێری کاروباری خەڵک و ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، سەبارەت بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، رایگەیاند:
کەشوهەوای هەڵبژاردن لەبارنەبوە و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پێشبینی كراوبو له‌به‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ی له‌كوردستان
هه‌یه‌ و ئەو تۆماری دەنگدەرانەی کە هەڵبژاردنی پێئەنجامدرا، چونکە لە هەڵبژاردنی (30-9) ساختەکاریەکی گەورە کراوە هەر لەزاخۆ تا خانەقین
سەدان بەڵگەی حاشاهەڵنەگرمان هەیە، زیاتر لە (200) هەزار دەنگ زیاد کراوە بۆ یەكيتی و پارتی وە دەیان هەزار دەنگی گۆڕان پوچەڵ کراونەتەوە.

وتیشی :"ئێستا چاوەڕێی کۆمیسیۆنین ئەگەر سکاڵاکان یەکلایی نەکرێتەوە دەنگە دزراوەکانی گۆڕان نەگێڕنەوە وە دەنگە ساختەکانی پارتی و یەکێتی و پارتی هەڵنەوەشێتەوە،
ئەوا هەڵوێستی ترمان دەبێت کە زۆربەی زۆری هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان رایان وایە کە سەرلەبەری ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و كۆی پڕۆسەکە رەتبکەینەوە ئەوە وەک هەنگاوی یەکەم،کەدەڵێم هەنگاوی یەکەم واتە هەنگاوی دیکەشی بەدوادا دێت.

لەو لێدوانەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، شۆڕش حاجی رایگەیاندوە؛ ئەو خەباتی مەدەنییەی بزوتنەوەی گۆڕان وەک شاڕێی گۆڕانکاریی لەکوردستان گرتبویەبەر لە رێگای سندوقی دەنگدانەوە دەرفەتێکی دیکەمان دایە گۆڕانکاریی لە رێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە، بەڵام ئیتر ئەم شاڕێی گۆڕانکاریە لەگەڵ دو هێزی خۆسەپێنی وەک پارتی و یەکێتی دەکەوێتە ژير پرسیارەوە لەلایەن هاوڵاتیانی کوردستانەوە.

سەبارەت بەداوای دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و ريکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بەهۆی کەمبونەوەی دەنگەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، د.شۆڕش حاجی رایگەیاندوە:
وەک ئەندامی خانەی راپەڕاندن ئەگەر لە ئاست چاوەڕوانی خەڵک نەبوبێتم ئەوا داوای لێبوردن دەکەم، چونکە جوامێری مرۆڤ لەوەدایە دان بەهەڵەی خۆی بنێت، بەڵام ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان پێم بڵێت کەمتەرخەمی لەتۆیە ئەوا ئامادەم نەک داوای لێبوردن بکەم، بەڵکو دەستیش لەکاربکێشمەوە، ئەوەش لەسەر داوای بزوتنەوەکە نەک کەسێک یا چەند کەسێک، چونکە ئەوە شتێکی تەندروست نییە، بەڵام بەوەی کەوا هۆکاری کەمبونەوەی دەنگی بزوتنەوەی گۆڕان
بدرێتە پاڵ یەک ئۆرگان و یەک کەسێک لەبزوتنەوەکە ئەوە بەشتێکی بابەتی و زانستی
نازانم".

ئەندامەکەی خانەی راپەڕاندن جەختی کردوەتەوە کە؛ بڕیاریان داوە دوای راگەیاندنی هەڵوێستی فەرمی لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنی ناوخۆیی دەکرێت بۆ کۆنفرانسی نیشتیمانی، لەوێ هەڵبژاردن بۆ خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتی و سەرجەم
ژورەکان و ئۆرگانەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکرێتەوە.

دەربارەی وازهێنان و رۆیشتنی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان، د.شۆڕش حاجی وتی :"ئەم کاروانەی گۆڕان کاروانێکی سەختە، هەمو کەس بەرگەی ناگرێت، چونکە نەیار
و بەرامبەرەکانمان خاوەن دەسەڵات و ئیمتیاز و هێزن، بۆیە هەندێک کەس بەرگەی ناگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا سوپاسی هەمو ئەو کەسانە دەکەین رۆژێک لە رۆژان لەگەڵمان بون، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان بە رۆیشتنی کەس و بەمردنی نەوشیروان مستەفاش کۆتایی نایەت، بەڵکو
تا سته‌م و زۆرداریی هه‌بێت گەندەڵی و نادادپەروەری هەبێت خەباتی گۆڕانخوازی کۆتایی
نایەت."


هەواڵی زیاتر