راگەیەندراوێک لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە

25/01/2022

ڕاگەیەندراوی فەرمی

بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ لەبری ململانێ بۆ بەدەستھێنانی پۆست و ھێنانەدی خواستی حیزبی لە بەغدا، پێویستە کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خاک و دەسەڵات و سامان و پێشمەرگە بۆ چوار ساڵی داھاتو بکرێت و دەشڵێت: ئێمە جەخت لەسەر کارکردن بۆ جێبەجێکردنی ستراتیجێکی نیشتیمانی کوردستانی دەکەین.

بزوتنەوەى گۆڕان لەو راگەیەندراوەدا کە لە بارەى دۆخى ئێستاى هەرێمى کوردستان و عێراق و ململانێکان بڵاوى کردەوە ئاماژە بەوە دەکات؛ ‎بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و نیشتیمانی کورد لەناو ھاوکێشەی نوێی عێراق و، دۆخی سیاسیی و ئیداری و ئابوری و ئاسایشی ئەم وڵاتە وادەخوازێت؛ بە یەکگوتاری کوردستانی لەسەر بنچینەی پاراستنی دەستکەوتە دەستورییەکان بەیەکەوە کاربکەین، نەک سەنگەر لەیەک بگرین، چونکە سەنگەرلەیەکگرتن و پەرتەوازەیی لە بەغدا کاریگەری راستەوخۆی لەسەر پرۆسەی سیاسی ھەرێم دەبێت و دەرگای مەترسی گەورەتر بە رووی ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیە دابڕێندراوەکان دەکاتەوە.

دەقى راگەیەندراوەکە:
‎دوابەدوای پرۆسەی ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، پرسی دیاریکردنی کەسایەتیەک بۆ سەرۆکایەتی کۆمار کە پشکی کوردە؛ بووەتە مژارێکی گەرم و ململانێی توندی حیزبی بەدوای خۆیدا ھێناوە. ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان جەخت لەسەر کارکردن بۆ جێبەجێکردنی ستراتیجێکی نیشتیمانی کوردستانی لە بەغدا دەکەین، کە لەبری ململانێ بۆ بەدەستھێنانی پۆست و ھێنانەدی خواستی حیزبی؛ کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خاک و دەسەڵات و سامان و پێشمەرگە بۆ چوار ساڵی داھاتو بکرێت.

‎بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و نیشتیمانی کورد لەناو ھاوکێشەی نوێی عێراق و، دۆخی سیاسیی و ئیداری و ئابوری و ئاسایشی ئەم وڵاتە وادەخوازێت؛ بە یەکگوتاری کوردستانی لەسەر بنچینەی پاراستنی دەستکەوتە دەستورییەکان بەیەکەوە کاربکەین، نەک سەنگەر لەیەک بگرین، چونکە سەنگەرلەیەکگرتن و پەرتەوازەیی لە بەغدا کاریگەری راستەوخۆی لەسەر پرۆسەی سیاسی ھەرێم دەبێت و دەرگای مەترسی گەورەتر بە رووی ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیە دابڕێندراوەکان دەکاتەوە.

ئەولەویەتی ئەم قۆناغەی خەباتی سیاسیی نەتەوەکەمان لە بەغدا، پێکەوەکارکردنە بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی بە ئامانجی دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم و بەپیرەوەچونی داخوازییەکانی هاوڵاتیان، بۆ رەخساندنی ھاوبەشییەکی سیاسیی راستەقینەی کورد لە دەزگای بڕیاردانی سیاسیی عێراق، بۆ جێبەجێکردنی مادە دەستورییەکان و چارەسەرکردنی کێشەی خاک و مادەی ١٤٠، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پێشمەرگە و بودجە و دابینکردنی موچە بۆ فەرمانبەرانی ھەرێم، بۆ پێداگیری لەسەر دروستکردنی ئەنجومەنی ئتیحادی و کارکردن بە پرەنسیپەکانی سازان و هاوسەنگی بۆ حوکمڕانی.

ئەزمونی عێراقی نوێ دەریخستوە پۆست و کورسی و وەزارەتەکان، ھۆکاری بەھێزکردنی پێگە و سەنگی کورد نەبون، ململانێی کەسی و حیزبیش بە قازانجی جێبەجێکردنی مافە دەستورییەکان نەشکاونەوە، لەبەرئەوە بۆ بەغدا داوای رێککەوتن و کردنەوەی گرێکوێرەی کێشەکان لەناوخۆدا دەکەین. بۆ ناوخۆیی ھەرێمیش رێزگرتن لە جیاوازییەکان و کێبڕکێی دیموکراتی بۆ خزمەتکردنی خەڵک و، پەیرەوکرنی بەرنامەیەکی نیشتمانی بۆ چاکسازی سیاسیی و کارگێری و دارایی، بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و باشکردنی بژێوییەکانی ژیانی ھاوڵاتیان لەپێشینەیی ئەرکە سیاسیەکان دەزانین.

بزوتنەوەی گۆڕان
‎٢٥ی١ی٢٠٢٢


هەواڵی زیاتر