نەتەوەیەکگرتوەکان و گۆڕان چەند پرسێک تاوتوێ دەکەن

15/10/2018

هەواڵ و چالاکی

نێردەى تایبەتى سکرتێرى گشتى نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق لەگەڵ رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان کۆبوەوە و چەند پرسێک تاوتوێکران و بیروبۆچونەکان ئاڵوگۆڕکران بەتایبەت پرسى ساختەکاریى لە هەڵبژاردنەکەى پەرلەمانى کوردستان و پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق.

نیوەڕۆى ئەمڕۆ یان کۆبیچ، نێردەى تایبەتى سکرتێرى گشتى نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق سەردانى مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕانى کرد لە شارى سلێمانى و لە کۆبونەوەیەکدا کە محەمەد تۆفیق رەحیم، ئەندامى خانەى راپەڕاندن و هۆشیار عومەر رێکخەرى ژورى پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و ئەندامانى ژورەکە ئامادەى بون لەگەڵ عومەر سەید عەلى رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان کۆبوەوە.
شوناس شێرکۆ، ئەندامى ژورى پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەوە رایگەیاند؛ سەردانى نوێنەرى تایبەتى سکرتێرى گشتى نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ زانین و وەرگرتنى بارى سەرنجى بزوتنەوەى گۆڕان بو لەبارەى حکومەتى داهاتوى عێراق و حکومەتى هەرێمى کوردستان، پڕۆسەى پێکهێنانى حکومەتى عێراق بە وردى باس کرا و بزوتنەوەى گۆڕان بۆچونى خۆى رونکردەوە کە هێندەى بەرنامە سیاسییەکەى حکومەتى بەلاوە گرنگە کە لەبەرژەوەندى خەڵکدا بێت، هێندە پۆست و پلە بەلایەوە گرنگ نییە.

وتیشى:"سیاسەتى حکومەت گرنگە، چونکە خەڵکى کوردستان پێویستیان بە بودجەیەکە لە عێراقەوە، بۆ ئەوەش پێویستە رێککەوتنێکى گشتى هەبێت لەگەڵ ناوەند کە لەبەرژەوەندى خەڵک بێت، لەگەڵ چارەسەرکردنى قەیرانەکان و جێبەجێکردنى مادەى (140)".

ئاماژەى بەوەکرد؛ لە کۆبونەوەکەدا تاووتوێی ئەنجامەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و ئەو ساختەکارییە کرا کە لایەنەکانى دەسەڵات پەنایان بۆ برد، یان کۆبیچ جەختى لەوە کردەوە کە دەبێت بێلایەنی کۆمیسیۆن نەچێتە ژێر پرسیارەوە و دەنگى خەڵکى کوردستان بە فێڕۆ نەڕوات بەتایبەت لەو سندوقانەى قردێلەى سوریان لێدرابو.

 

 


هەواڵی زیاتر