باڵیۆزو كونسوڵی هۆڵه‌ندا له‌ عێراق و هه‌رێم سه‌ردانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌كه‌ن

16/10/2018

هەواڵ و چالاکی

باڵیۆزو كونسوڵی هۆڵه‌ندا له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، سه‌ردانی
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیان كرد و پرسی ساخته‌كاریی هه‌ڵبژاردن و حكومه‌تی نوێی
عێراقیان تاوتوێكرد.

ماتیس وۆڵته‌ر، باڵیۆزی هۆڵه‌ندا له‌ عێراق و ولیام كۆژین، كونسوڵی‌
هۆڵه‌ندا له‌ هه‌رێم، له‌ سلێمانی‌ له‌گه‌ڵ عومه‌ر سه‌ید عه‌لی رێكخه‌ری‌
گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی ژوره‌كان
كۆبونه‌وه‌.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا رێكخه‌ری گشتی جه‌ختی‌ كرده‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستیی‌
چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ خاك و بودجه‌ی‌ هه‌رێم له‌ كابینه‌ی‌ حكومه‌تی‌
نوێی‌ عێراق و هه‌روه‌ها به‌شداریی‌ كارای‌ كورد له‌ حكومه‌تی‌ عێراق.

له‌باره‌ی ساخته‌كارییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی (30)ی ئه‌یلولی په‌رله‌مانی
كوردستانیشه‌وه‌ رێكخه‌ری‌ گشتی‌ رونیكرده‌وه‌: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌
كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و راپرسی سكاڵای تۆمار كردوه‌ و چاوه‌ڕێی
یه‌كلابونه‌وه‌ی‌ سكاڵاكان ده‌كات.

داواشی كرد هۆڵه‌ندا وه‌ك ئه‌ندامێكی یه‌كێتی ئه‌وروپا رۆڵی هه‌بێت له‌ به‌دامه‌زراوه‌ییكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

له‌ به‌رامبه‌ردا وه‌فدی هۆڵه‌ندا ته‌ئكیدیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی
كوردستان و عێراق له‌ ئه‌جێندای سیاسی هۆڵه‌ندا به‌ گرنگی ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ
چوار ساڵی ئاینده‌ و گرنگیه‌كی تایبه‌ت ده‌ده‌ن به‌ گه‌شه‌كردنی ئابوری و
پێشكه‌وتنی كه‌رتی تایبه‌ت.


هەواڵی زیاتر