فراكسیۆنه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن: نه‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ ره‌شنوسی‌ ده‌ستور پێچه‌وانه‌ی‌ بڕیاری‌ په‌رله‌مانه‌

26/03/2018

ئۆپۆزیسیۆن

فراكسیۆنەکانی‌ ئۆپۆزسیۆن (گۆڕان، یه‌كگرتو، كۆمه‌ڵ و ئاینده‌) رایده‌گه‌یه‌نن؛ ره‌شنوسی ده‌ستور له‌ هه‌لومه‌رجێكی پڕ ململانێی سیاسی و ناڕه‌زایی زۆرێك له‌ روناكبیر و سیاسی و یاساییه‌كان ده‌نگی بۆ دراوه‌ و دوپاتیشی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ په‌رله‌مان به‌ بڕیاری‌ ژماره‌ دوی‌ ساڵی‌ (2011) بڕیاریدا چاوی‌ پێدا بخشێنرێته‌وه‌ و ده‌ڵێن " گۆڕانكاریه‌ ناوخۆیی و ناوچه‌ییه‌كان وا ده‌خوازن ره‌شنوسی ده‌ستور پێداچونه‌وه‌ی تێدا بكرێ‌".
له‌و رونكردنه‌وه‌یه‌دا كه‌ سه‌باره‌ت به‌ ره‌شنوسی ده‌ستوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بڵاویانكردوه‌ته‌وه‌، فراكسیۆنه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌وه‌ی‌ به‌ پێی په‌یڕه‌وه‌ یاساییه‌كان ئه‌م بڕیاره‌ی سه‌ره‌وه‌، هه‌ر بڕیارو یاسایه‌كی پێشوتر هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌ كه‌ رێگر بێت له‌ گێڕانه‌وه‌ی ره‌شنوسی ده‌ستور بۆ په‌رله‌مان و ده‌ڵێن "گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ نه‌ك پێچه‌وانه‌ی یاسا نیه‌، بگره‌ نه‌هێنانه‌وه‌ی بۆ هه‌مواركردنی پڕۆژه‌ یاساكه‌، پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بڕیاره‌ی په‌رله‌مانه‌".
هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ بیر دێننه‌وه‌ كه‌ (60) ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مان یاداشتێكیان له‌سه‌ر گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ پڕۆژه‌ی‌ ده‌ستور ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كردوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ش كه‌ داوای زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان بو وه‌ك هه‌نگاوێك بۆ سازانی نیشتمانی "له‌ لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌هه‌ند نه‌گیرا".
هه‌ر له‌و رونكردنه‌وه‌یه‌دا نوسیویانه‌؛ هه‌مولا هاوده‌نگین كه‌ گۆڕانكاریه‌ ناوخۆیی و ناوچه‌ییه‌كان وا ده‌خوازن پڕۆژه‌ی ره‌شنوسی ده‌ستور پێداچونه‌وه‌ی تێدا بكرێ‌ و هه‌مواری ئه‌و ماده‌و بڕگانه‌ بكرێته‌وه‌ كه‌ جۆره‌ دژایه‌تی، یان نا رونیه‌كیان تێدایه‌، به‌ تایبه‌تی بڕگه‌كانی تایبه‌ت به‌ شێوه‌ی سیستمی حوكمڕانی له‌ هه‌رێمداو پشت به‌ستن به‌ ماده‌ی (140) له‌ دیاریكردنی ده‌ستور و شێوازی دانانی ئه‌ندامانی دادگای ده‌ستوری.


هەواڵی زیاتر