دلێر عەبدولخالق: لە ئێستاى هەرێمى کوردستاندا نە پەرلەمانێکى چالاک هەیە نە حکومەتێک هەیە لە ئاست وەڵامدانەوەی داخوازیە رەواکانى خەڵکدابێت

29/10/2020

رێکخەرى ژورى رۆژنامەوانى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت: ئیدارەدانێکى دواکەتوو کۆمەڵێک کێشەى کەڵەکەبوی لە هەرێمی کوردستان هەیە، لە ئەزمونى دامەزراندنى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئەزمونى یەکەم هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە سەرەتاوە بۆ ئێستا دەرگیرى کۆمەڵێک کێشەى بونیادین لە هەرێمدا و نەتوانراوە دامەزراوە خزمەتگوزارى و دەوڵەتیەکان کارکردن تێیدا بە رۆحیەتى دامەزراوەیى بچەسپێت و سیستمى حیزبایەتى کاریگەرى زۆرى لەسەر جومگەکانى ژیان هەبوە.

دلێر عەبدولخالق رێکخەرى ژورى رۆژنامەوانى بزوتنەوەى گۆڕان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رادیۆى دەنگى گۆڕان وتی: بزوتنەوەى گۆڕان لە حکومەتدا بێت یان ئۆپۆزسیۆن، دەنگى زۆربێت یان کەم، هێزى یەکەم دەبێت لە پێشڕەوایەتى کردنى نیگەرانیەکانى خەڵک و بۆ جێبەجێکردنى بەرنامەیەک لە حکومەتداین کە چاکسازیە و لە پێناو چاکەى خەڵکدایە.

ڕێکخەری ژوری ڕۆژنامەوانی وتیشی:  تیمى بزوتنەوەى گۆڕان لە کابینەى هەشتەم و نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا، بوون بە سەنگەرى بەرگریکردن لە خەڵک، بزوتنەوەى گۆڕان یەک ئامانجى سەرەکى و بنەڕەتى هەیە کە ئەویش چاکسازیە.

دلێر عەبدولخالق ئەوەشى خستەڕوو، کە چاکسازى لێدانە لە بەرژەوەندى ژمارەیەکى کەم مشەخۆر و گوێگرتنە لە ژمارە گەورەکە کە باڵانسى حکوڕانى راستدەکاتەوە، هەنگاوە گەوەرەکەى چاکسازى کە بزوتنەوەى داوای کردوە لە دوو بواردایە: یەکەم؛ کەرتى وزە و نەوت کە پێویستە ئەم کەرتە شەفاف بێت. دوەم؛ شەفافیەت و گەڕاندنەوەى دەستى حکومڕانى و دامەزراوەیى تەندروست بۆ خاڵە سنوریەکان، ئێمە تائێستا ئەوەمان نەبیینیوە و سەرنجمان لەسەر جێبەجێکردنى هەنگاوەکانى چاکسازى هەیە.

لەبارەى ئازادیەکان لە هەرێمى کوردستان، دلێر عەبدولخالق رێکخەرى ژورى رۆژنامەوانى بزوتنەوەى گۆڕان رایگەیاند، لە رێککەوتنى بزوتنەوەى گۆڕان و پارتى بۆ پێکهێنانى حکومەت و لە کارنامەى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمیشدا ئاماژە بەوەکراوە کە ئەم کابینەیە کابینەى بەرفراوانکردنى ئازادیەکان و ئازادى رادەربڕین و بەرفراوانکردنى ئازادى بیروڕاى تاکە کەسی و میدیاى ئەهلى و ئازاد و پێدانى زانیاریە بە میدیاکاران، بەڵام ئێستا پێچەوانەى ئەو واقعە دەبینین، هەمو ئەو سەرنجانەمان بە ژمارە و داتا گەیاندوەتە پارتى.

دلێر عەبدولخالق ئەوەشى خستەڕوو، لە ئێستاى هەرێمى کوردستاندا نە پەرلەمانێکى چالاک هەیە نە حکومەتێک هەیە لە ئاست وەڵامدانەوە داخوازیە رەواکانى خەڵکدابێت نە دادگاى سەربەخۆ و نە دەسەڵاتێکى میدیاى سەربەخۆمان نییە.


هەواڵی زیاتر