نزار مەحمود: ئەگەر پڕۆژەکەى گۆڕان ئیشى لەسەر بکرێت لە ماوەى پێنج ساڵدا هەڵەبجە دەبوژێنرێتەوە

16/03/2021

باژێروانی مەكۆی هەڵەبجەی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ وەك هەموو ناوچەكانی تری هەرێم هەڵەبجە بووە بە قوربانی دەسەڵاتێکى گەندەڵ، چەند حكومەتی عێراق بەرپرسە لە بە پارێزگانەبونی هەڵەبجە هێندەش حكومەتی هەرێم بەرپرسە و دەشڵێت،"بەپێی پرۆژەیەكی بزوتنەوەی گۆڕان لەماوەی پێنج ساڵدا هەڵەبجە دەبوژایەوە بەبێ ئەوەی ئەرك لەسەر حكومەت دروست ببێت بەڵام جێبەجێنەكرا".

لەیادى (33) یادى کارەسات و کیمیابارانى هەڵەبجەدا، نزار مەحمود، باژێروانی هەڵەبجەی بزوتنەوەی گۆڕان بە دیجیتاڵ میدیاى(KNN)ى راگەیاند: دوو هۆكاری بنەڕەتى هەیە كە هەڵەبجە بارتەقای قوربانییەكانی خزمەت نەكراوە، یەكێكیان كێشەو شەڕەناوخۆییەكانە کە زۆربەی لە هەڵەبجەو سنوری هەڵەبجە بووە، ئەویتریان پەیوەندی بەو دەسەڵاتە گەندەڵەوە هەیە كە حوكمی هەرێمی كوردستانی كردووە.

دەشڵێت: هەڵەبجە نەك خزمەت نەكراوە و نەتوانراوە كارەساتی كیمیاباران كە گەورەترین كارەساتە لە لە دۆزى كوردییدا سودی لێوەربگرێت، تەنانەت نەتوانراوە  حکومەتى عێراق كە میراتگری رژێمی بەعسە قەرزاربارمان بێت بەپێچەوانەوە ئێستا كورد خۆیان بە قەرزارباری عێراق دەزانن.

" تائێستا هەڵەبجە نەبووە بە پارێزگا، ئەوەی هەیە پارێزگار و جێگرەكەیەتی، خزمەتگوزاری كەمی كردووە زیادی نەكردووە، زۆرجار باسدەكرێت هەڵەبجە بووە بە پارێزگا و حكومەتی عێراقی نایكات، بەڵام ئەوەی لەسەر حكومەتی هەرێمە نەیكردووە تا حكومەتی عێراق بیكات، تائێستا ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە ڕەزامەندی لەسەر نەدراوە، لەكاتێكدا حكومەتی عێراق هەموو ئیشێك لە رێگەی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە دەكەن، جگەلەوانەش یەك بەڕێوەبەری گشتی لە هەڵەبجەدا نییە، فەرمانگەكەیان كردووە بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی و بەڕێوەبەری فەرمانگەكەیان كردووە بە بەڕێوەبەری بە وەكالەت" نزار مەحمود وای وت.

سەبارەت بە هەوڵەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بوژانەوەی هەڵەبجە وتی: "چەند ساڵێك پێش ئێستا پرۆژەیەكمان بۆ ئاوەدانكردنەوەی هەڵەبجە راگەیاند، پرۆژەكە كرا بە كتێبێك و دامان بە هەموو دامودەزگاكانی هەڵەبجە، بەپێی پرۆژەكە لە ماوەی پێنج ساڵدا هەڵەبجە دەبوژێتەوە و هەمووئەركەكەی لەسەر وەبەرهێنەرە بێئەوەی ئەرك بكەوێتە سەر حكومەت، هەرچەندە پێشوازییان لە پرۆژەكە كرد بۆئەوەی ئیشی لەسەر بكەن، بەڵام ئیشی لەسەر نەكرا، ئێستاش دەتوانرێت ئیشی لەسەر بكرێت و لەماوەی پێنج ساڵدا هەڵەبجە ببوژێنرێتە".


هەواڵی زیاتر