پەیکەری ڕێکخراوەیی

کۆنگره‌‌ ‌ ‌


کۆنگره‌‌ ‌

کۆنگره‌
کۆنگره‌ی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌.
  
فرمانه‌کانی بریتیه‌ له‌:
1. دانانی به‌رنامه‌ی کاری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان.
2. دانان و هه‌موارکردنی پێڕه‌وی ناوخۆی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان.
3. گۆڕینی دروشمی بزوتنه‌وه‌ یا لۆگۆکه‌ی به‌ پێی گۆڕانی هه‌لومه‌رجی گشتی، ئه‌گه‌ر پێویستی کرد.
4. په‌سه‌ندن و ده‌سکاری پلاتفۆرمه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌کانی پارێزگا، هه‌رێم، عێراق.
4. هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌دائی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی گشتی و ژوره‌کانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان.
5. هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌دائی نوێنه‌ره‌کانی له‌ ده‌زگا هه‌ڵبژێردراوه‌کانی پارێزگا، هه‌رێم، عێراق دا.
6. هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ ده‌نگدانی نهێنی.
 
کاتی به‌ستنی:
1. له‌ هه‌لومه‌رجی ئاساییدا کۆنگره‌ی‌ نیشتمانی ئه‌بێ هه‌ردوساڵ جارێ ببه‌سترێ.
2. له‌ هه‌لومه‌رجی نائاساییدا، یان ئه‌گه‌ر پێویستی کرد، له‌ سه‌ر داوای دوسێیه‌کی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی گشتی یا نیوه‌ی بازنه‌کانی هه‌رێم، ئه‌به‌سترێ.
 
جۆری پێکهاته‌که‌ی:
1. ئه‌ندامی کارا
ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی گشتی و ئه‌ندامانی ته‌رخانی ژوره‌کانی بزووتنه وه ی‌ گۆڕان،
نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێردراوی رێکخراوه‌کانی بزوتنه‌وه‌ له‌ هه‌رێم و ناوچه‌ دابڕاوه‌کان و تاراوگه‌ (به‌ رێژه‌ی دیاریکراو)
نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێردراوی گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و هه‌رێم
2. شاره‌زا و پسپۆڕ
3. میوان
میوانی بیانی
میوانی عێراقی
میوانی کوردستانی
 
پرۆسه‌ی به‌ستنی کۆنگره‌:
ئه‌نجومه‌نی گشتی بڕیاری به‌ستنی کۆنگره‌ ئه‌دا. رۆژی ئه‌نجامدانی دیاری ئه‌کا. "ژوری هه‌ڵبژاردن" رائه‌سپێرێ به‌ هاوکاری له‌ گه‌ڵ ژوری قانونی و ژوره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانی تر به‌ پێی قانونه‌ کارپێکراوه‌کانی هه‌رێمی کوردستان جێبه‌جێی بکه‌ن.
 
لیژنه‌ی ئاماده‌کاریی کۆنگره‌
ژوری هه‌ڵبژاردن به‌ هاوکاری ژوری قانونی و ژوره‌ پێوه‌ندیداره‌کانی تر لیژنه‌ی ئاماده‌کاریی سه‌ره‌کی و لیژنه‌ لاوه‌کیه‌کانی، بۆ به‌ستنی کۆنگره‌ له‌و که‌سانه‌ پێک ئه‌هێنێ که‌ خۆیان به‌ ته‌مای خۆپاڵاوتن نین بۆ ئه‌نجومه‌نی گشتی.
لیژنه‌ی ئاماده‌کاری پێویسته‌ ئه‌م کارانه‌ ئه‌نجام بدا:
 
1. له‌ پێش به‌ستنی کۆنگره‌دا:
کاروباری لۆجستی
ئاماده‌کردنی شوێنی به‌ستنی کۆنگره‌.
دابینکردنی شوێنی مانه‌وه‌ی شه‌وانه‌ی ئه‌ندامانی کۆنگره‌.
چاپکردن و گه‌یاندنی پرۆژه‌ی به‌رنامه‌کانی بزوتنه‌وه‌ و پرۆژه‌ی پەیڕه‌وی ناوخۆی بزوتنه‌وه‌که‌ به‌ 2 مانگ پێش به‌ستنی کۆنگره‌ به‌ ئه‌ندامانی هه‌مو ئاسته‌کانی په‌یکه‌ره‌ی رێکخراوه‌یی بزوتنه‌وه‌که‌.
کۆکردنه‌وه‌ی هه‌مو بیروبۆچون و پێشنیاره‌کان و ئاماده‌کردنی بۆ دانی به‌ لیژنه‌ پێوه‌ندیداره‌کانی ناو کۆنگره‌.
کاروباری رێکخراوه‌یی
ئه‌ژمارکردنی سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و دیاریکردنی ئه‌وانه‌ی مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌.
دیاریکردنی رێژه‌ی به‌شداریکردن: پاش ره‌چاوکردنی چڕی دانیشتوانی ناوچه‌ی پاڵیوراوه‌که‌ و، ژماره‌ی رێژه‌یی ده‌نگه‌کانی گۆڕان له‌ ناوچه‌که‌دا و، ژماره‌ی ئه‌ندامانی بزوتنه‌وه‌، رێژه‌ی سه‌دی نوێنه‌رایه‌تی (یه‌ک نوێنه‌ر) بۆ هه‌ر (چه‌ند... سه‌دئه‌ندام) دیاری ئه‌کرێ.
دیاریکردنی ناوه‌نده‌کانی ده‌نگدان.
دیاریکردنی رۆژی ده‌نگدان.
راگه‌یاندنی رۆژی به‌ستنی کۆنگره‌ پێش ئه‌نجامدانی به‌ 3 مانگ.
کاروباری هه‌ڵبژاردن
خۆپاڵاوتن بۆ ئه‌ندامه‌تی کۆنگره‌
هه‌ر ئه‌ندامێ ئاره‌زوی به‌شداری کۆنگره‌ی هه‌بێ ئه‌توانێ خۆی بپاڵێوێ.
پێش 10 رۆژ له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی کۆنگره‌ ئاگاداری ئه‌ندامه‌کان ئه‌کرێ بۆ خۆ پاڵاوتن بۆ ئه‌ندامه‌تی کۆنگره‌.
پاڵێوراو پێش رۆژی هه‌ڵبژاردن به‌ 6 رۆژ ئه‌توانێ بانگه‌شه‌ بۆ خۆی بکا.
له‌ سه‌رانسه‌ری ناوچه‌کان دا له‌ رۆژی دیاری کراوی ده‌نگداندا له‌ سه‌عات 9 ی به‌یانیه‌وه‌ تا سه‌عات 9 ی شه‌و له‌ ناوه‌نده‌کانی ده‌نگداندا ده‌نگ به‌ نوێنه‌ری کۆنگره‌ ئه‌درێ.
پاڵێوراو ئه‌توانێ له‌ رۆژی هه‌ڵبژاردندا له‌و ناوه‌نده‌دا ئاماده‌ بێ که‌ خۆی لێ پاڵاوتوه‌.
ده‌نگدان نهێنی و راسته‌وخۆ ئه‌بێ و هه‌مان شه‌و به‌ ئاشکرا له‌ به‌ر چاوی پاڵێوراوه‌کان جیائه‌کرێته‌وه‌ و ئه‌ژمار ئه‌کرێ.
بردنه‌وه‌ به‌ زۆرایه‌تی ساده‌ی ژماره‌ی ده‌نگه‌کان ئه‌بێ.
پاڵێوراوی براوه‌ باجی به‌شداری کۆنگره‌ی ئه‌درێتێ.
 
2. له‌ کاتی به‌ستنی کۆنگره‌دا
کۆنگره‌ له‌ لایه‌ن لیژنه‌ی ئاماده‌کاریه‌وه‌ ئه‌کرێته‌وه‌. ئه‌نجومه‌نی پێشو راپۆرتی کاره‌کانی ئه‌خوێنێته‌وه‌ و ده‌ست له‌ کارکێشانه‌وه‌ی خۆی رائه‌گه‌یه‌نێ. ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کاره‌کانی کۆنگره‌ له‌و ئه‌ندامانه‌ی به‌ته‌مای خۆپاڵاوتن نین هه‌ڵئه‌بژێردرێ. ئه‌ندامانی کۆنگره‌ دابه‌ش ئه‌بن به‌سه‌ر چه‌ند لیژنه‌یه‌کدا بۆ تاوتوێ کردنی راپۆرته‌کانی ئه‌نجومه‌نی گشتی و ئاماده‌کردنی پرۆژه‌ی بڕیار و راسپارده‌کانی کۆنگره‌. کۆنگره‌ به‌ راگه‌یاندنی ناوی پاڵێوراوه‌کانی ئه‌نجومه‌نی گشتی و ده‌نگدان کۆتایی دێت.
خۆپاڵاوتن بۆ ئه‌ندامه‌تی ئه‌نجومه‌نی گشتی:
هه‌مو ئه‌ندامێکی کۆنگره‌:
ئه‌توانێ خۆی بۆ ئه‌ندامه‌تی ئه‌نجومه‌نی گشتی بپاڵێوێ.
ئه‌توانێ پێش به‌ستنی کۆنگره‌ به‌ 10 رۆژ ناوی خۆی لای لیژنه‌ی ئاماده‌کاری تۆمار بکات. یان دوای بخات له‌ ناو کۆنگره‌دا که‌ ده‌رگای خۆپاڵاوتن کرایه‌وه‌ خۆی بپاڵێوێ.
ئه‌توانێ پێش به‌ستنی کۆنگره‌ به‌ 5 رۆژ بانگه‌شه‌ لای ئه‌ندامانی کۆنگره‌ بۆ خۆی بکات.
خۆپاڵاوتن به‌ ته‌نها ئه‌بێ.
ده‌نگدان نهێنی و راسته‌وخۆ ئه‌بێ.
جیاکردنه‌وه‌ و ئه‌ژمارکردن به‌ ئاشکرا ئه‌بێ له‌ به‌ر چاوی ئه‌وانه‌ی له‌ ئه‌ندامانی کۆنگره‌ و پاڵێوراوه‌کان ئه‌یانه‌وێ ئاماده‌ی ژماردنه‌که‌ بن.
بردنه‌وه‌ به‌ زۆرایه‌تی ساده‌ی ژماره‌ی ده‌نگه‌کان ئه‌بێ.
راگه‌یاندنی ئاشکرای ئه‌نجامه‌کانی.
 
3. له‌ پاش به‌ستنی کۆنگره‌
ئاماده‌کردنی به‌ڵگه‌کانی کۆنگره‌ بۆ هه‌ڵگرتن، چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌.
سه‌رپه‌رشتی گوێزانه‌وه‌ی کاروبار له‌ ئه‌نجومه‌نی گشتی پێشوه‌وه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی گشتی هه‌ڵبژێردراو‌.
(تێبینی: به‌ رێنمایی تایبه‌تی جۆری به‌شداری نوێنه‌رانی ره‌وه‌ندی کوردی دیاری ئه‌کرێ)


هەواڵ و چالاکی