دانا ئەحمەد مەجید: بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەندەی هێز و سەرچاوەی مرۆیی هەیە كە رۆڵ و كاریگەری هەبێت و ئاڕاستەی چارەسەكان بگۆڕێت
21/01/2025
D هەواڵ و چالاکی
رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ هەر
گۆڕانكارییەك لە رۆژئاوای كوردستان كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت و بەپێچەوانەشەوە
راستە، بۆیە دەبێت پێكەوە و بە وریاییەوە مامەڵە بكەین بۆئەوەی میللەتەكەمان زەرەرمەند
نەبێت، دەشڵێت: گۆڕان دەتوانێت لەم گۆڕانكاریانەی دەگوزەرێت رۆڵ و كاریگەری هەبێت،
ئەوەندەمان هێز و سەرچاوەی مرۆیی هەیە كە ئاڕاستەی چارەسەكان بگۆڕین.
دانا ئەحمەد مەجید، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە
كۆبونەوەی لەگەڵ ژمارەیەك لە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەكە لە هەولێر ئاماژەی بە دۆخی
سیاسی و پێشهاتەكان كرد و وتی: گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بەشێوەیەك خێرایە، ئەگەر
هێز و لایەنە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان لە رۆژئاوای كوردستان بە وریاییەوە
مامەڵە نەكەین و ئامادەباش نەبین بۆ روداو و ئاڵنگارییەكان رەنگە میللەتەكەمان زیانی
گەورە بكات.
بە بایەخەوە ئاماژەی بەوەشكرد؛ هەر گۆڕانكارییەك لە رۆژئاوای
كوردستان كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت و هەر گۆڕانكارییەكیش لە هەرێمی
كوردستان كاریگەری گەورەی لەسەر رۆژئاوای كوردستان و ئایندەی دەبێت، "بۆیە هەنگاوەكان
بەو ئاڕاستەیەیە هەردولامان یەك هەنگاو و یەك روانین و یەك بۆچونمان هەبێت بۆ
مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخەكە و گۆڕانكاری و پێشهاتە نوێیەكان و چارەسەری قەیرانەكان، ئەگەر
بەشێوەیەكی كاتیش بێت پێویستە هاوتەریب پێكەوە هەنگاو بنێین".
هەروەك رێكخەری گشتی رووی لە هەڵسوڕاوان كرد و وتی: گۆڕان
دەتوانێت لەم گۆڕانكاریانەی دەگوزرێت رۆڵ و كاریگەری خۆی ببینێت، چونكە گۆڕان
هێزێكە هەڵگری بیری نیشتمانی و نەتەوەییە و ئەوەندەش كادر و هێز و توانا و
سەرچاوەی مرۆیی و كەسی لێهاتوو لە بوارە جیاوازەكان هەیە كە ئاڕاستەی چارەسەرەكان بگۆڕێت
چ بۆ دۆخی ناوخۆیی و باشكردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك چ لە روی هەڵوێستمان بۆ
رۆژئاوای كوردستان، دەتوانین بڵیین بەرنامە
و راگەیەندراو و پێشنیازەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بونە هەوێنی ئەو پەیوەندییەی ئێستای
هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان كە ئێستا هەموان دەیبینن و پێی دڵخۆشن.
پەیوەست بە دۆخی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان و بەستنی
كۆنفرانسی نیشتمانی، دانا ئەحمەد مەجید رایگەیاند: سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ قۆناغی
نوێ و هەستانەوە، یەكەم هەنگاو بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانییە كە یەكێكە لە
داواكارییە بنەڕەتیەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، پێشتر ئەو داوایەی
لە هێز و لایەنە سیاسیەكانی دیكەش كردوە و كۆنگرەیان بەستوە.
وتیشی: هەنگاوەكانی ئێستامان كردوە بە دوو قۆناغ، قۆناغی
یەكەم بەستنی ئەم كۆنفرانسە ئیستسنائیەیە بۆ بیناكردنەوەی گۆڕان بە داڕشتنی پەیڕەو
و پڕۆگرامێك كە هەم رەنگدانەوەی ویست و بۆچوونی زۆرینەی هەڵسوڕاوانی گۆڕان بێت هەم
لەگەڵ رێنماییەكانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق یەكبگرێتەوە.
هەروەك ئاماژەی بەوەشكرد گەنجان و ئافرەتان دەبێت بۆ
قۆناغی نوێ ئەولەویەت بن لە بزوتنەوەی گۆڕاندا چ لە روی كاركردن بۆ پشتگیریكردن و جێبەجێكردنی
خواست و داواكارییەكانیان چ بۆ بەشداریكردنیان لە هەیكەلیەت و ئۆرگانەكان.