بزوتنەوەی گۆڕان: هەڵەبجە بە فەرمی وەک پارێزگای نۆزدەهەمی عێراق بناسێندرێت

15/03/2025

ڕاگەیەندراوی فەرمی

‎سی و حەوت ساڵ بەسەر كیمیابارانی شاری هەڵەبجەی قوربانیدەردا تێدەپەڕێت، لەگەڵ خەڵکی کوردستان و دۆستەکانمان؛ وەک خەمێكی قووڵ و ئازاراوی یادی ئەم کۆمەڵکوژییە گەورەیە دەکەینەوە و درود بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدان دەنێرین.

کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەو ژمارە زۆرە شەهید و قوربانیە؛ جگەلەوەی شاهێدی دڕندەیی ڕژێمی بەعسی لەناوچوە، هاوکات «هەڵەبجە» وەک شار و پارێزگا، پێویستی بە خزمەتی زیاترە لە هەمو بوارەکاندا، بەشێوەیەک دروشم و بەڵێنەکان بکرێن بە کردار و برینی قوڵی هەڵەبجەییەکان بە پڕۆژەی ستراتیژی و خزمەتگوزاری پێویست بۆ ناوچەکە سارێژ بکرێت و قەرەبوکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و برینداران بکرێت.

لەو چوارچێوەیەدا، ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان، داواکارین ئاوڕی جددی لە داخوازییەکانی خەڵکی ئەو شارە خۆشەویستە بدرێتەوە و، لەم ئازارە هاوبەشەدا بەرپرسیارێتی چەند ئەرکێک لە ئەستۆ بگیرێت، لەوانە

1. ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەتایبەت نوێنەرەکانی کورد لە بەغدا، هەوڵی ڕژد بدەن بۆ بە فەرمی ناساندنی هەڵەبجە وەک پارێزگای نۆزدەهەمی عێراق، بەتایبەت کە لە ئازاری (٢٠٢٣)ەوە، پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندکراوە و ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران کراوە؛ لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش، تائێستا دوو جار خوێندنەوەی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدانی کۆتایی لەسەری ماوە.
2. لایەنە پەیوەندیدارەکان لە دەسەڵاتی ئیتحادی لەلایەک و، نوێنەرەکانی کورد لە بەغدا و حکومەتی هەرێم پرسی بە جینۆسایدناساندنی کەیسی هەڵەبجە بخرێتەوە سەر مێزی کار و لەسەر ئاستی عێراقی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی پشتیوانی و کۆدەنگی بۆ دروست بکرێت.
3. گەڕان بەدوای منداڵانی ونبو و دۆزینەوەی چارەنوسیان، هاوکاتیش ئاوڕی زیاتر لە کەسوکاری شەهیدانی ١٩٨٨ بدرێتەوە.4.  هەڵەبجە پێویستی بە چەندین پڕۆژەی ستراتیژی و خزمەتگوزاری هەیە، ئەرکی حکومەتی ئیتحادی و هەرێم و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانە تایبەتمەنی هەڵەبجە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێم لەبەرچاوبگرن و  لە ڕووی سیاسیی، ئیداری، دارایی، گەشتوگوزار، کشتوکاڵ و پیشەسازی، وەبەرهێنان و ڕێگاوبانەوە برەوی زیاتر بە گەشانەوە و ئاوەدانکردنەوە و شارەکە و ناوچەکە بدرێت.

بزوتنەوەی گۆڕان
١٥ی ٣ی ٢٠٢٤


هەواڵی زیاتر