دانا ئەحمەد مەجید: ئێستا گۆڕان پڕۆژەیەكە بۆ كۆكردنەوەی هەمو ئەو توانا مرۆییانەی خەمی نیشتمانییان هەیە

25/03/2026

D هەواڵ و چالاکی

دانا ئەحمەد مەجید ڕایدەگەیەنێت؛ ئێستا گۆڕان پڕۆژەیەكە بۆ كۆكردنەوەی هەمو ئەو توانا مرۆییانەی خەمی نیشتمانییان هەیە، ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆئەوەی گۆڕان بكەینەوە پڕۆژەی خەڵك و پرسی نیشتمانی و ئەو گۆڕانكاریانەی لە ناوچەكەش هەیە، وادەخوازێت ئەم پڕۆژە نیشتمانیە بەهێز ببێتەوە بۆئەوەی لە ئاست مەترسی و ئاڵنگاری و دەرفەت و پێشهاتە نوێیەكاندا بێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە (٢٥ی٣ی٢٠٢٦)، دانا ئەحمەد مەجید لە مەكۆی سەرەكی لە سلێمانی، پێشوازیكرد لە حاجی مەجید سەلیم و ژمارەیەك كەسایەتی ناوبازاڕی سلێمانی كە لەسەرەتای گۆڕانەوە بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پشتیوانی بزوتنەوەی گۆڕان و پڕۆژەی گۆڕانكاری بون و هیوای سەركەوتنیان بۆ ڕێكخەری گشتی و سەركردایەتی بزوتنەوەی گۆڕان و هەنگاوی گۆڕان خواست لە دوای سەركەوتنی كۆنفڕانسەوە.

لە دیدارێكی دۆستانەدا، كەسایەتیەكان داوایانكرد بزوتنەوەی گۆڕان پەیوەندی لەگەڵ خەڵك و توێژی كاسبكارانی ناوبازاڕ پتەوتر بكەنەوە و داكۆكی لە ماف و داخوازیەكانیان بكەن و گوتاری سیاسی ئەم قۆناغەیان ڕەنگدانەوەی خواستی خەڵك بە گشتی و كاسبكاران بێت.

لای خۆیەوە دانا ئەحمەد مەجید بە گەرمی بەخێرهاتنی میوانانی كرد و ئاماژەی بەوەكرد؛ ئێستا گۆڕان پڕۆژەیەكە بۆ كۆكردنەوەی هەمو ئەو توانا مرۆییانەی خەمی نیشتمانییان هەیە و داوای لێكردن بفەرموون هاوكات لەگڵ توێژەكانی دیكە شان بدەنە بەر ئەو بەرپرسیارێتیە و وتیشی: ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆئەوەی گۆڕان بكەینەوە پڕۆژەی خەڵك و ئۆرگان و دامەزراوە و ژورەكانمان بەشێوەیەك كارابكەینەوە كە لە ئاست چاوەڕوانی خەڵك بن.
دوپاتیشی كردەوە كە پرسی نیشتمانی و ئەو گۆڕانكاریانەی لە ناوچەكە هەیە، وادەخوازێت ئەم پڕۆژە نیشتمانیە بەهێز ببێتەوە بۆئەوەی لە ئاست مەترسی و ئاڵنگاری و دەرفەت و پێشهاتە نوێیەكاندا بێت.


هەواڵی زیاتر