دانا ئەحمەد مەجید: لە بەغدا بە گرنگیەوە لە گۆڕان دەڕوانن

20/06/2026

D هەواڵ و چالاکی

دانا ئەحمەد مەجید ڕایدەگەیەنێت؛ لە بەغدا پێشوازی گەرم لە گۆڕان كرا و لە سەرجەم دیدارەكانماندا بە ڕاشكاوی بۆچوونەكانمان خستووەتەڕوو، بە ئەهەمیەتەوە گوێ لە بۆچونەكانمان گیراوە، ئەم سەردان و كۆبونەوانە ئاماژەی زیندوێتی گۆڕان دەردەخەن، بۆیە پێویستمان بەوەیە زیاتر لە جاران بە یەكگرتووی و پێكەوەیی و نوێنەرایەتی خەڵکی خۆمان لە بەغدا و دامەزراوە ئیتحادییەکان بکەین.

ئەمڕۆ شەممە (٢٠ی٦ی٢٠٢٦)، دانا ئەحمەد مەجید ڕیكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە مەكۆی سەرەكی لەگەڵ ژمارەیەك لە هەڵسوڕان كۆبوەوە بۆ تاوتوێكردنی دواین پێشهاتەكان و دۆخی سیاسی و خستنەڕوی ناوەڕۆك و ئەنجامی سەردانی هەفتەی ڕابردوی شاندی گۆڕان بۆ بەغدا و كۆبونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان و بەرپرسانی باڵا و نوێنەرانی كورد لە دەسەڵاتی بڕیاردان.

لە دیدارەكەدا لەگەڵ گۆڕانخوازان، دانا ئەحمەد مەجید ڕایگەیاند: هەفتەی ڕابردو لە بەغدا هەفتەیەكی پڕ چالاكی و پەیوەندییەکی گەورەی سیاسی و دیپلۆماسیمان بەڕێكرد و پێشوازی گەرم لە گۆڕان كرا.

ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی باڵا و سەركردەی زۆرینەی لایەنە سیاسیەكان و نوێنەرانی كوردمان بینیوە، لە دیدارانەدا بیر و ڕامان گۆڕیوەتەوە و بە ڕاشكاوی بۆچوونەكانمان پەیوەست بە دۆخی سیاسی، ئابوری و ئەمنی و پێشهات و ئاڵنگاریەكان و پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق خستووەتەڕوو، بە ئەهەمیەتەوە گوێ لە بۆچونەكانمان گیراوە.

وتیشی: ئەم سەردان و كۆبونەوانە ئاماژەی زیندوێتی گۆڕانیان دەرخست، بۆیە پێویستمان بەوەیە زیاتر لە جاران بە یەكگرتووی و پێكەوەیی و بەررسیارێتیەوە كار بكەین، پێویستە زیاتر خۆمان ڕێكبخەیەنەوە بەتایبەت كە گۆڕان دوای تێپەڕاندنی قۆناغێكی سەخت ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراقیش هێزێكی گوێلێگیراوە.

پەیوەست بە دۆخی ناوخۆیی گۆڕان، ئاماژەی بەوەكرد كە سەرجەم ئاست و ئۆرگانەكان سەرقاڵی خۆڕێكخستنەوەن بۆ قۆناغێكی باشتر كە لە ئاست چاوەڕوانی گۆڕانخوازان و تەواوی هەڵسوڕاوان و خەڵكدا بێت.


هەواڵی زیاتر