گۆڕان و کۆمەڵ: بە هاوبەشى بڕیار دەدەین
25/10/2018
بزوتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵى
ئیسلامى رایدەگەیەنن؛ تانە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەدەین
و پێکەوە هەر بڕیارێک بدەین بە هاوبەشی و راوێژ بە یەکتری و لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان
دەبێت.
دواى
کۆبونەوەى باڵاى بزوتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵى ئیسلامى لە مەکۆى سەرەکى گۆڕان لە شارى
سلێمانى، هەریەکە لە د. شۆڕش حاجى ئەندامى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان و رێبوار
حەمەد وتەبێژى کۆمەڵى ئیسلامى لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکى
کۆبونەوەکەیان ئاشکرا کرد.
د.
شۆڕش حاجى وتى: "تەوەرى سەرەکى
کۆبونەوەکە گفتوگۆ بو لەبارەى هەلومەرجى هەڵبژاردن و ئەنجامە راگەیەنراوەکان،
جەختمان لە ساختەکارییەکانى پارتى و یەکێتى کردەوە و دەزگا پەیوەندیدارەکانمان
راسپاردوە تانە لە ئەنجامە راگەیەنراوەکە بدەن".
وتیشى: "ئێمە وەک گۆڕان و
کۆمەڵ هەمیشە لەبەرەى خەڵک بوین و داکۆکیکارى سەرەکى بوین لە داواکارییەکانى خەڵکى
کوردستان، لەم کۆبونەوەیەشدا و ئاماژەمان بە پەیوەندییەکانمان لە رابردودا کرد و جەختمان
کردەوە کە لە ئایندەشدا هەڵوێستەکانمان هەمیشە لەبەرژەوەندى خەڵکى کوردستان دەبن،
هەر هەنگاوێک بنێین بەیەکەوە یان بە راوێژ لەگەڵ یەکتر دەبێت و چى لەبەرژەوەندى
خەڵکى کوردستان بێت ئەوە دەکەین".
لاى
خۆیەوە رێبوار حهمهد وتى: "تێپەڕاندنى
دەرئەنجامەکان بەو شێوەیە لەلایەن بەشێکى کۆمیسیۆنەوە جێگەى نیگەرانى ئێمە بو کە
راى بەشێکى گرنگى ئەندامانیان وەرنەگرت، لە قۆناغى رابردودا لەگەل بزوتنەوەى گۆڕان
پێکەوە زۆرترین کارى هاوبەش و پێکەوەییمان کردوە کە هیچى بەرژەوەندى حیزبى و کەسى
نەبوە، بەڵکو ئێمە بەرژەوەندى گشتى و خەڵک و میللەت کۆى کردوینەتەوە و بەردەوامیش
دەبین تا ئەو کاتەى ستەم و بێدادى و گەندەڵى هەبێت و دژى دەوەستینەوە".
وتیشى:
"پێشتریش گۆڕان و کۆمەڵ بڕیارەکانیان لە بەرژەوەندی خەڵک بوە و لە داهاتوشدا بە
هاوبەشی و هاوهەڵوێستی یەکتر بڕیاردەدەین".
لەبارەى بڕیارى هەردولایەن لەبارەى
ئەگەرى بەشداریکردن لە حکومەتى داهاتو یان بەشدارینەکردنیان، ئەندامەکەى خانەى
راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان وتى: "زوە بڕیار لەوە بدەین بەشداریى کابینەى
حکومەت دەکەین یان نا، لەسەر رۆژنایى سکاڵاکانمان و هەڵوێستى پارتى و یەکێتى ئەوجا
بڕیار دەدەدەین، ئێمە ئامانجمان خزمەت و بەرژەوەندى خەڵکە، لە حکومەت یان ئۆپۆزسیۆن
یان بایکۆت بین بە لەبەرچاوگرتنى بەرنامە و شێوازى خزمەتەکە ئەو بڕیارە دەدەین
بەوەى لەو قۆناغەدا لەکام لایەنەوە دەتوانین خزمەت بکەین".