بزوتنەوەى گۆڕان پرسى هەڵبژاردن و یاساى نوێى هەڵبژاردن تاوتوێ دەکات
06/08/2020
بەمەبەستی تاوتوێکردنی پرسى هەڵبژاردن و یاساى نوێى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان مێزگردێکی سازکرد
یاسین حەمەعەلی، ئەندامی ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان بە سایتی گۆڕانی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ پێنج شەممە ژوری هەڵبژاردن هەستا بە سازدانی مێزگردێک بە ئامادەبونی هەریەکە لە بەڕێزان رێکخەری گشتی، ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، رێکخەری ژورەکان، نوێنەری فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و شارەزایانی بزوتنەوەکە لە بواری هەڵبژاردن و کۆمسیۆن، تەوەری کۆبونەوەکە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و راو سەرنجی ئامادەبوان لەوبارەیەوە.
وتیشی: لە مێزگردەکەدا راپۆرتی وردو بابەتیانەی پشت بەست بە داتاو زانیاری خرانەڕوو، پاشان تاووتوێی یاسا نوێیەکەی هەڵبژاردن کراو تیشک خرایە سەر سەرجەم ئەو لەمپەرو کەموکوڕییانەی کە لەیاساکەدا بونیان هەیە، هەروەها پرسی ئامادەسازی بزوتنەوەکەش یەکێکی تر بوو لە تەوەرەکان و گفتوگۆی چڕوپڕی لەبارەوە کرا.
ئەو ئەندامەی ژوری هەڵبژاردن وتیشی: وەکو لای هەمووان ئاشکرایە بزوتنەوەی گۆڕان بزوتنەوەی دەنگدەرەو هەمیشە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پاک و دور لە ساختەکاریدایە، گرنگە سەرباری هەستیاری بارودۆخی ناوچەکەو جیهان، هەڵبژاردن لە کات و ساتی خۆیداو بە دوور لە دەستتێوەردان و ساختەکاریی بەڕێوەبچێت.