شۆڕش حاجی: گۆڕان به گرنگییه‌وه له به‌رنامه‌ی حكومه‌تی داهاتو ده‌ڕوانێت
10/11/2018
شۆڕش حاجی ئه‌ندامی خانه‌ی راپه‌ڕاندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان
رایده‌گه‌یه‌نێت، بزوتنه‌وه‌كه‌یان به گرنگییه‌وه له كارنامه‌ی
حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ڕوانێت و ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ بنه‌ما و كارنامه‌كانی
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ خزمه‌تی هاوڵاتیان بگونجێت، ئه‌وا به‌شداری له‌و
كابینه‌یه‌دا ده‌كه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ كارنامه‌ی
گۆڕان نه‌گونجێت، ئه‌وا به‌شداری ناكه‌ن.
له‌چاوپێكه‌وتنێكدا بۆ ته‌له‌فزیۆنی (KNN)، شۆڕش حاجی رونیكرده‌وه،
ئه‌وه‌ی لای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان گرنگه ئه‌وه‌یه كه به‌رنامه‌ی
ئایندهی حكومه‌تی هه‌رێم چی ده‌بێت، له‌ئه‌گه‌ری به‌شداریكردنی گۆڕان
له حكومه‌تدا، كه دواجار جڤاتی نیشتمانی بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات،
سه‌یری به‌رنامه‌ی حكومه‌تی ئایندهی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین،
ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌ی چاكسازیی ئێمه كه له‌سه‌ره‌تای دروستبونمانهوه
بانگه‌شه‌مان بۆ كردوه، له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی حكومه‌ت یه‌كبگرێته‌وه ئه‌وا
ئێمه له‌و حكومه‌ته كار ده‌كه‌ین بۆ سه‌رخستنی پرۆژه‌كانمان.
وتیشی: له‌ئه‌گه‌ری به‌شداریكردنمان له كابینه‌ی حكومه‌تی نوێ،
له‌سه‌رو هه‌مو پرۆژه‌یه‌كه‌وه گرنگی ده‌ده‌ین له باشكردنی گوزه‌رانی
خه‌ڵك و كۆتاییهێنان به پاشه‌كه‌وتی موچه و شه‌فافیه‌ت له داهاتی
نه‌وت و داهاته ناوخۆییه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان و
جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان و به‌نیشتمانیكردنی هێزی پێشمه‌رگه و
هێزه چه‌كداره‌كان، هه‌روه‌ها هه‌نگاونان به‌ره‌و گرنگیدان به كه‌رتی
كشتوكاڵ و سه‌رچاوه ئاوییه‌كان و هه‌وڵده‌ده‌ین وابكه‌ین كه له
چوارساڵی ئاینده‌دا و له‌و حكومه‌ته‌دا كه به‌شدار ده‌بین، خه‌ڵك بتوانێ
له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێت و به‌شێك له ئه‌منی خۆراك بۆ خه‌ڵكی
كوردستان دابین بكه‌ین ئه‌مه جگه له باشكردنی كه‌رتی خوێندن و
په‌روه‌ده و خزمه‌تگوزارییه‌كانی دیكه‌ش.