جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم و كونسوڵی ئه‌مریكا دۆخی كوردستان و عێراق تاوتوێده‌كه‌ن

25/08/2020

مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێم، له‌گه‌ڵ كونسوڵی گشتی ئه‌مریكا له ‌هه‌رێمی كوردستان، دۆخی كوردستان و عێراق تاوتوێ ده‌كه‌ن و كونسوڵی ئه‌مریكا پشتیوانی وڵاته‌كه‌ی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی به‌غدا و هه‌ولێر ده‌رده‌برێت و داواش له‌لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێم ده‌كات په‌یوه‌ندییه‌كانیان پیته‌و بكه‌ن، له‌به‌رامبه‌ردا مسته‌فا سه‌ید قادر، سوپاسی كونسوڵی ئه‌مریكای كرد بۆ پشتیوانیه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێم و ته‌ئكیدیشی كرده‌وه‌ كه‌ چ له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و چ وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كارده‌كه‌ن بۆ به‌هێزكردنی هێز و لایه‌نه‌سیاسیه‌كان له‌پێناو داهاتویه‌كی باشتر بۆ خه‌ڵكی كوردستان.

ئەمڕۆ سێ شەممە، مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێم لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ رۆب واڵەر، کونسوڵی ئەمەریکا لە هەرێم، بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێکرد.

  لەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەدا (ڕۆب واڵەر) کونسوڵی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، "ئامادەی پشتیوانی و هەماهەنگی بەردەوامن لەگەڵ هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پرسەکانی نێوانیان بەگشتی و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەتایبەتی، هیوادارن ڕێکەوتنێکی بەردەوام و هەمیشەیی لەسەر بنەماکانی دەستور لە عێراقدا هەبێت، کە زامنی پاراستنی مافەکانی هەرێم و خەڵکی کوردستان بکات".

 هاوکات،مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێم ،سوپاسی کونسوڵی ئەمریکای کرد کە لە ڕابردووشدا هەوڵیان داوە بۆ باشکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها هەوڵی ئەمریکای بۆ سەرخستنی دیالۆگی وەفدی عێراق و هەرێم لە واشنتۆن بە باش نرخاند.

هەر لەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەدا، باس لە پەیوەندی نێوان هێز و لایەنە سیاسیەکانی هەرێم کرا و کونسوڵی ئەمەریکا هیوای خواست کە لایەنە کوردیەکان پێکەوە دابنیشن و پەیوەندیەکانیان توندوتۆڵتربکەن بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری هەرێم.

جێگری سەرۆکی هەرێم جەختیکردەوە، ئەوان چ لە سەرۆکایەتی هەرێم و چ وەک بزوتنەوەی گۆڕان هەمیشە بۆ پاراستنی ئاشتی سیاسی و کۆمەڵایەتی نێو کۆمەڵگە چالاکانە هەوڵ دەدەن تاوەکو پەیوەندی هێز و لایەنە سیاسیەکان بەرەو ئاستی باشتر ببرێت لە پێناو خزمەتکردنی خەڵک و جێبەجێکردنی کارنامەی خزمەتگوزاری حکومەت و ئەنجامدانی چاکسازی لە هەموو بوارەکاندا بەتایبەتی رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەوەی ببێتە هێزێکی دامەزراوەیی، لەو پێناوەشدا لەگەڵ زۆربەی لایەنە سیاسەکان کۆبونەتەوە و سەرباری ئەو مەسەلانەش، پرسی موچە و بازاڕ و ئاستی گوزەرانی خەڵک باسی لێوە کراوە تاوەکو دەرەچەیەک بدۆزرێتەوە بۆ چارەسەری ئەم پرسانە.

ڕۆب واڵەر سەرباری خۆشحاڵی خۆی بە پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەی لەگەڵ مستەفا سەیدقادر ئاماژەی بەوەدا لەچوارچێوەی هاوکاریەکانیان بۆ هەرێم ئەم بەیانیە چەند ئەمبووڵانسێکی تەندروستیان پێشکەشی حکومەتی هەرێم کرد، لەسەر داوای جێگری سەرۆکی هەرێمیش بەڵێنیدا هاوکارییەکانیان زیاتر بکەن بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆنا بە تایبەت هاوکاری نەخۆشخانەی تەندروستی پێشمەرگە.

 لەتەوەرێکی تری پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەدا باس لە هێنانی کۆمپانیا ئەمریکیەکان کرا بۆ هەرێم، مستەفا سەید قادر، سوپاسی ئەو دەستپێشخەرییەی کرد و داوایکرد لەو ناوچانەی کار دەکەن هاوکاری خەڵکی ناوچەکە بکەن، بەدروستکردنی نەخۆشخانە و خوێندگە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە، وەک بەشێک لە بەرپرسیاریەتی کۆمەڵایەتی کە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لە ئەستۆی دەگرن، ئەم کارە یارمەتی بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری ناوچەکان دەدات و هەلی کار بۆ خەڵکەکەی دەرەخسێنێت.


هەواڵی زیاتر