وەزیری ئاوەدانکردنەوە پڕۆژەی رێگای دو سایدی دەربەندیخان-کەلاری بەسەرکردەوە

06/09/2020

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن پڕۆژەی رێگای دو سایدی دەربەندیخان کەلاری بەسەرکردەوەو رایدەگەیەنێت؛ مژدە بە خەڵک و ھاوڵاتیانمان دەدەین کە پڕۆژەکە بە شێوەیەکی فراوان کاری تێدا دەکرێتەوە.

لە سەردانەکەیدا ، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن سەردانی قائیمقامیەتی دەربەندیخانی کرد و دواتر بە یاوەری قائیمقام و بەڕێوەبەری گشتی رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی و بەڕێوەبەری رێگاوبانی گەرمیان، پڕۆژەی رێگای دو سایدی دەربەندیخان کەلاری بەسەرکردەوە.

دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن رایگەیاند، ئامانجمان لە سەردانکردنی پڕۆژەکە خێراترکردنی جێبەجێ کردنی پڕۆژەکەیە کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکەمان ئاگادار کردەوە کە بەڵێندەر ئاگادار بکەن ھەمو توانای خۆیان بخەنەگەڕ بۆ خێراترکردنی پڕۆژەکە، ئێمەش وەک وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و لەگەڵ سەرۆکی حکومەت، ھەمو توانایەکی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی پارەی پێویست بۆ پڕۆژەکە دابین بکەین و بەشێکی تری ھاتنمان بۆ ئێرە دڵنیایی دانە بە بەڵێندەر کە پارەیان بۆ دابین دەکرێت بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ ھاتوین مژدە بە خەڵک و ھاوڵاتیانمان بدەین لەم دەڤەرە کە پڕۆژەکە بە شێوەیەکی فراوان کاری تێدا دەکرێتەوەو لە ئایندەیەکی نزیکدا دەبێت ھەمو تواناکانی کۆمپانیا بکەوێتەکار بۆ جێبەجێکردن و تەواوکردنی پڕۆژەکە.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە جەختی کردەوە، لەگەڵ باشبونی بارودۆخی دارایی بودجە بۆ پڕۆژەکان دابین دەکرێتەوە و دەست بەکارکردن لەو پڕۆژانە دەکرێنەوە، تا ئەوکاتەی ئێمە ئەرکی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی ئەم وەزارەتەمان لابێت، ھیچ جیاوازییەک لە نێوان شارەکاندا ناکرێت.

سەبارەت بە باشبونی بارودۆخی دارایش، دانا عەبدولکەریم وتی:«وەفدی ھەرێم دەچنە بەغدا و ھەمو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی دەگەینە رێککەوتن و ئەمەش دەبێتە ھۆی دروستبونی ھاوسەنگی ئابوری، ھاوکات سورین لەسەر ئەنجامدانی چاکسازی بۆ ئەوەی جارێکی تر ھەرێمی کوردستان دوچاری قەیرانی دارایی نەبێت.


هەواڵی زیاتر