د.دەرباز محەمەد: پێمانوایە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ نوێنەرایەتی‌ رێژەیی‌

12/09/2020

ئەندامێکی‌ خانەی‌ راپەڕاندنی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان رایدەگەیەنێت:  یاسای‌ نوێی‌ هەڵبژاردن لە عێراقدا گرفتەکان قوڵتدەکاتەوەو و چارەی کێشەکان ناکات، پێمانوایە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ نوێنەرایەتی‌ رێژەیی‌.


د.دەرباز محەمەد، ئەندامی‌ خانەی‌ راپەڕاندن لە کۆنگرەیەکی‌ رۆژنامەوانی‌ هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکی‌ دەزگای‌ هەڵبژاردنی‌ پارتی‌ دوای کۆبونەوەی هەردولا وتی:  دەبێت مافی‌ دەنگدەر پارێزراوبێت، لە روی‌ سیاسیشەوە سەقامگیری‌ سیاسی‌ وا بێنێتە کایەوە کە پێکهێنانی‌ حکومەت و کارەکانی‌ پەرلەمان باشتر بێت لەوەی‌ ئێستا.

وتیشی: زۆربەی‌ لایەنە سیاسیەکان ئەم یاسا نوێیەی‌ رەشنوسەکەی‌ پەسەند کراوە، یاسایەکی‌ خراپە و گەڕانەوەیە بۆ دواوە، بۆیە ئێستا لە قۆناغی‌ ئەوەداین وەک هێز و لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆی‌ زیاتر بکەین بەتایبەت لە ناوچە جێناکۆکەکان کە بەشێوەیەک بێت مافی‌ کورد نەفەوتێت.

لای‌ خۆیەوە خەسرۆ گۆران، سەرۆکی‌ دەزگای‌ هەڵبژاردنی‌ پارتی‌، ئاماژەی‌ بەوەکرد کە سەردانەکەیان بۆ سلێمانی‌ بە ئامانجی‌ ئاڵوگۆڕی‌ بیروڕایە سەبارەت بە یاسای‌ هەڵبژاردن و دروستکردنی‌ یەکڕیزی‌ لایەنەکانی‌ کوردستانی‌ بۆ هەر هەنگاوێک لە ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراق، لەپێناو پاراستنی‌ پێگەی‌ کورد لە ناوچەکانی‌ دەرەوەی‌ ئیدارەی‌ هەرێم.

وتیشی‌: "بڕیارماندا کۆبونەوەی‌ هاوبەش بکەین لەنێوان لایەنەکانی‌ کوردستان بۆ ئەوەی‌ بە یەک هەڵوێست و یەک تیم لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی‌ عێراق کۆببینەوە".


هەواڵی زیاتر