عەدنان عوسمان: بزوتنەوەی‌ گۆڕان بەمەبەستی‌ بەرجەستەکردنی‌ پەیام و بەرنامەکەی‌ بەشداری‌ حکومەتی‌ کردوە

21/09/2020

سكرتێری‌ جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ڕایده‌گه‌یه‌نێت: بزوتنەوەی‌ گۆڕان بەمەبەستی‌ تەواوکردن و بەرجەستەکردنی‌ پەیام و ئامانج و بۆچون و بەرنامەی‌ حیزبەکەی‌ بەشداریی‌ کابینەی‌ نۆی‌ حکومەتی‌ کردوە

عەدنان عوسمان،سكرتێری‌ جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ و وتەبێژی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رادیۆی‌ دەنگی‌ گۆڕان رایگەیاند: ئەم کابینەیەی‌ حکومەت کە پێکهاتوە حکومەتی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان نییە بەتەنها و گۆڕان بە تەنها بەشدار نییە تێیدا، ئەمەی‌ ئێستا حکومەتی‌ پارتی‌ و یەکیتییە و ئێمە ناتوانین بەتەنها بڕیار لەسەر هەرشتیک بدەین و ئەو کارە پێویستی‌ بە تێگەیشتن و رازیبونی‌ سەرجەم لاینەکان و ئەنجومەنی‌ وەزیران هەیە.

سكرتێری‌ جڤاتی‌ نیشتیمانی، سه‌باره‌ت به‌و ڕه‌خنانه‌ی‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ده‌گیرێت وتی‌: به‌شداری‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان لە حکومەتدا بە مانای‌ وازهێنان لە رەخنە و بۆچونەکانی‌ رابردو و قسەکانمان نییە، ئێمە سورین لەسەر هەموو رەخنە و دروشمەکانمان

وتیشی‌: خەڵک مافی‌ خۆیەتی‌ کە دەیەوێت لە ماوەیەکی‌ کەمدا چارەسەری‌ پرسە گرنگەکان رەنگبداتەوە لە ژیانیدا، کاتێک لەبری‌ باشبونی‌ موچە دۆخەکە خراپ بێت، لەبری‌ ئەوەی‌ پەرلەمان بەرەو بەهێزی‌ بڕوات؛ لاواز ببێت، بێگومان رەخنە دەگرێت و رەخنەکان رەوایەتی‌ خۆیان هەیە.


هەواڵی زیاتر