به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی: له‌ شوێنی‌ سنه‌وره‌به‌ سوتاوه‌كان مۆڵه‌ت به‌ هیچ پرۆژه‌یه‌ك ناده‌ین

23/09/2020

به‌ڕێوبه‌ری‌ گشتی‌ كشتوكاڵی‌ سلێمانی‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت: سوتاندنی‌ سه‌وزایی‌ ده‌روازه‌ی‌ شارێك تاوانێكی‌ گه‌وره‌یه‌و ده‌بێت سزای‌ قورسی‌ بكه‌رانی‌ بدرێت، ئه‌گه‌ر كه‌سانێك هیوایان هه‌بوبێت به‌ سوتاندنی‌ ئه‌و سنه‌وره‌رانه‌ ده‌توانن سود له‌ زه‌ویه‌كه‌ی‌ وه‌ربگرن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیان ئه‌وا زۆر هه‌ڵه‌ن.

له‌سه‌ر پرسی‌ سوتاندنی‌ سنه‌وبه‌ره‌كانی‌ ڕێگه‌ی‌ (تاسڵوجه‌_ سلێمانی‌) شاڵاو جه‌مال به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كشتوكاڵی سلێمانی، به‌ ده‌نگی‌ ئه‌مریكای‌ ڕاگه‌یاندوه‌: ئه‌وان مۆڵه‌ت به‌ هیچ پرۆژه‌یه‌ك ناده‌ن كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و زه‌ویانه‌ دروستبكرێت كه‌ سنه‌وبه‌ره‌كانی‌ سوتاون، هه‌م ویژدان وه‌ هه‌م یاسا-ش له‌پشت ئێمه‌یه‌، ده‌شلێت: گه‌ره‌نتی ناده‌م دره‌خت و سه‌وزاییه‌كانی تر له‌سلێمانی نه‌سوتێنررێن ئه‌گه‌ر بێتو ئه‌مانه‌ نه‌دۆزرێته‌وه‌ بێگومان سه‌وزایی تریش هه‌یه‌و شوێنی تریش هه‌یه‌ له‌ مه‌ترسیدایه‌ هه‌ر له‌ دوو مانگی پێشووش له‌ ڕێگه‌ی عه‌ربه‌ت- یش که‌ ژینگه‌ چاندبووی ڕووبه‌رێکی گه‌وره‌ له‌وێ سوتێنرا.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كشتوكاڵی سلێمان ده‌شڵێت: ئێستا لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ دروستکراوه‌ له‌سه‌ر ئاستی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی به‌هه‌مان شێوه‌ لیژنه‌ دروستکراوه‌ بۆئه‌وه‌ی بکه‌ره‌کانی سوتاندنی ئه‌و دره‌ختانه‌ بدۆزرێته‌وه‌، تابزانرێت ئامانجی ئه‌وانه‌ی‌ ئه‌و كاره‌یان كردوه‌ چیه‌.

شاڵاو جه‌مال ده‌شڵێت" ناتوانم ئه‌و گه‌ره‌نتیه‌ بده‌م که‌دره‌خت و سه‌وزاییه‌کانی تری سلێمانی نه‌سوتێنرێن، ئه‌گه‌ر بێتو ده‌ستێکی ڕه‌ش هه‌بێت و ڕقی له‌م شاره‌ بێت له‌وانه‌یه‌ به‌به‌رده‌وام له‌و کارانه‌ بکات بۆیه‌ ئێمه‌ ناتوانیین گه‌ره‌نتی ئه‌وه‌ بکه‌ین که‌ شوێنێکی تر نه‌سوتێت له‌وانه‌یه‌ به‌یانیش له‌ شوێنێکی تر ئاگری تێ به‌ردرێت."


هەواڵی زیاتر