به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی بۆ مامۆستایانی‌ ناڕازی‌: له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی رابردوودا پشتیوانتان بووین ئێستاش پشتیوانتانین و داكۆكیكاری‌ داواكاریه‌كانتان ده‌بین

27/09/2020

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی رایگه‌یاند: ئه‌گه‌ر له‌م قۆناغه‌دا سه‌ركه‌وتووبین ده‌توانین ورده‌ ورده‌ قۆناغه‌كانی تریش ئاسایی بكه‌ینه‌وه‌‌ و بیانهێنینه‌وه‌ بۆ قوتابخانه‌كان، هه‌وڵده‌ده‌ین خۆمان له‌گه‌ڵ كۆرۆنا ڕابێنین و بیكه‌نه‌ به‌شێك له‌ ژیانمان.

ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌ممه‌ 27/9/2020 زه‌نگی‌ خوێندنی‌ ساڵی‌ نوێ‌ی‌ ساڵی 2020- 2021 بۆ خوێندكارانی پۆلی 12ی ئاماده‌یی و قۆناغه‌كانی یه‌ك و دووی بنه‌ڕه‌تی لێدرا، له‌ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، دڵشاد عومه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی ڕایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ ده‌ستده‌كرێته‌وه‌ به‌ پڕۆسه‌ی نوێی خوێندن بۆ خوێندكارانی پۆلی 12ی ئاماده‌یی و یه‌ك و دوو بنه‌ڕه‌تی و10/10 ش قۆناغه‌كانی دیكه‌ ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتوو بین ده‌توانین قۆناغه‌كانی دیكه‌ش بهێننه‌وه‌ بۆ ناو خوێندنگه‌كان.

له‌ وته‌یه‌كیشدا سه‌باره‌ت به‌ ناڕه‌زایی مامۆستایان به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی رایگه‌یاند: ئێمه‌ش به‌شێكین له‌ ئێوه‌، چونكه‌ پاشه‌كه‌وت و لێبڕین ئێمه‌شی گرتووه‌ته‌وه‌.له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی رابردوودا له‌ پارێزگارو ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ تا ستافی سه‌رجه‌م په‌روه‌رده‌كان پشتیوانتان بووین، ئێستاش پشتیوانتانین و داكۆكیكاری‌ ماف و داواكاریه‌كانتان ده‌بین.


هەواڵی زیاتر