د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر: دابەشنەکردنی‌ زەوی‌ لە سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بوەتە مایەی‌ داگیرکاری‌ و قۆرخکاریی

05/10/2020

لە میانی‌ چاوپێکەوتنێکیدا بۆ رادیۆی‌ دەنگی‌ گۆڕان، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری‌ سلێمانی‌ رایگەیاند: لەماوەی‌ رابردودا دابەشنەکردنی‌ زەوی‌ لە سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بوەتە مایەی‌ ئەوەی‌ داگیرکاری‌ و قۆرخکارییەکی‌ زۆر دروست ببێت لەبەرئەوەی‌ گەشەکردنێکی‌ بێشومار لە سلێمانی‌ رویداوە و وایکردوە پێشێلکاری‌ بۆ سەر زەوی‌ و زار دروست ببێت.

وتیشی‌: لە ئێستادا سەرقاڵی ئەوەین ئەو یاسایە جێبەجێ بکەین کە لە پەرلەمان دەرچوە کە بەپێی‌ ئەو یاسایە ئەو زەوییانەی‌ پێش 2018 کرابن بە فۆڕم، تاپۆ دەکرێن، هەروەها لەڕێی‌ دەستەی‌ وەبەرهێنانەوە کارمان بۆ ئەوە کردوە چین و توێژەکان لە یەکەی‌ نیشتەجێبون بێبەش نەبن، کارمان کردوە بۆ ئەوەی‌ فەرمانبەرانی‌ دەوڵەت بە قەرزی‌ درێژخایەن و قیستێکی‌ گونجاو ببنە خاوەنی‌ یەکەی‌ نیشتەجێبون.

ئاماژەی‌ بەوەشکرد بەدرێژایی‌ کابینەکانی‌ پێشو تاوەکو 2013 سەرەڕای‌ بونی‌ بڕەپارەیەکی‌ زۆر، بەڵام نەتوانراوە پڕۆژەی‌ ستراتیژی‌ و درێژخایەن بۆ پارێزگای‌ سلێمانی‌ جێبەجێ بکرێت و نەزانراوە چۆن ئەو بڕە پارەیە خەرج بکرێت.

جەختیشیکردەوە کە سەرەڕای‌ ئەوەی‌ لە 2014وە هیچ بودجەیەکمان بۆ خەرج نەکراوە بۆ پڕۆژە لە پارێزگای‌ سلێمانی‌، بەڵام
هیچ بودجەیەکەمان بۆ پرۆژە بۆ خەرج نەکراوە لە 2014وە سەدان گرفتمان چارەسەر کردوە و ماستەر پلانی‌ سلێمانیمان تەواو کردوە و داوامان کردوە ماستەر پلان بۆ هەڵەبجەو بۆ پێنجوێن بکرێت.

سەبارەت بە قاچاخچێتی‌ لە مەرزەکانی‌ سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌، هەڤاڵ ئەبوبەکر رایگەیاند: دەسەڵاتی‌ مەرزەکان بە یاسا لای‌ پارێزگارەکان نیە، فەرمان و بەرپرسیارێتی‌ و داهاتیان بۆ فەرمانگە و وەزارەتەکانی‌ خۆیانە، قەناعەتمان بە حکومەت کردوە ئەگەر دەسەڵاتمان بداتێ و داهاتمان زیاتر بێت ئەوا کاری‌ زۆر زیاتر دەکەین و داهات و قازانجی‌ فەرمانگەکان بۆ خودی‌ پارێزگاکان خەرج دەکرێنەوە.

وتیشی‌: ستراتیژمان ئەوەیە سلێمانی‌ بەرینە ئاستێکی‌ نێودەوڵەتی‌ و کاری‌ زۆرمان بۆ کردوە و لەو چوارچێوەیەشدا  سلێمانیمان کردوە بە ئەندامی‌ کارا لە پەیمانی‌ نێودەوڵەتی‌ بۆ وزەی‌ نوێ و جێگرەوە، کردومانە بە شاری‌ داهێنەری‌ ئەدەبی‌ لە پاریس، لە سەردەمی‌ کۆرۆنادا پڕۆژەکانی‌ ئێمە یەکەم شوێن بوە قبوڵکراون، لە ئاستی‌ گەشتیاری‌، پیشەسای‌، پەروەردە، تەندروستی‌، ژینگە، شارەوانی‌، کەلتور فەرهەنگ چەندین بەرەوپێشچونمان هێناوەتەدی‌.


هەواڵی زیاتر