هەڤاڵ ئەبوبەکر: هەڵمەتی‌ تەواوکاری‌ نەمامچاندن لە شاری‌ سلێمانی‌ ئەنجام دەدەین

09/11/2020

پارێزگاری‌ سلێمانی‌ رایدەگەیەنێت کە لە ئه‌مڕۆوە (دوشەممە) 9/11/2020، لەسەر ئەرکی پارێزگای سلێمانی هەڵمەتێکی تەواوکاریی نەمامچاندن لە شاری‌ سلێمانی‌ دەستپێدەکەنەوە.

لە نوسینێکیدا کە لە تۆڕی‌ کۆمەڵایەتی‌ فەیسبوک بە ناونیشانی‌ (پاییزی سلێمانی؛ پارێزگایەکی سەوز) بڵاویکردوەتەوە، هەڤاڵ ئەبوبەکر نوسیویەتی‌: " وەک پارێزگای سلێمانی، بەردەوام لە هەوڵی زیاترکردنی ڕوبەری سەوزایی و پاراستنی ژینگە و خاک و ئاوو چارەسەرکردنی خۆڵ و خاشاک و ئاوی قورس و بەکارهێنان و پەرەپێدانی وزەی پاک و کەرەستەی گونجاو و جوانکردن و باشکردن و چاکردنی پارێزگاکەمانداین. سوپاسێکی بێهاوتامان هەیە بۆ هەموو ئەو ئەندازیار و باخەوان و دارەوان و جوتیار و کرێکار و کارمەند و کەس و ڕێکخراو و دەستە و دامەزراوەی دەوڵەتیی و نەمامگا و شەتڵگا و گوڵخانە و کۆمپانیایانەی؛ کە هەمیشە خۆنەویستانە و خۆبەخشانە و خەمخۆرانە، بۆ گەشەپێدانی زیاتر و سەوزکردن و پاراستنی ڕوبەری زیاتری پارێزگاکەمان؛ لەگەڵماندان."

هەر لە نوسینەکەیدا پارێزگاری‌ سلێمانی‌ دەڵێت: " دەخوازم هەموومان لە ماڵەکانی خۆمان و لە کۆڵان و گەڕەکەکانی خۆمانەوە دەستپێبکەین و بەردەوام بین، تا هەر پنتێکی ئەم پارێزگا و نیشتمان و گەردوونە.

دەشڵێت: "ئێمە ئەمە تەنها لەبەرئەوە ناکەین کە لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠١٨وە سلێمانیمان کردۆتە ئەندام لە پەیمانی نێودەوڵەتیی بۆ وزە نوێکان و کەشوهەوا لە ئەوروپاو، خاوەنی یەکەم ماستەرپلانی پەسەندکراوی یەکێتیی ئەوروپاو ڕێکخراوی (UNDP) ین لە عیراق و هەرێمی کوردستاندا، بەڵکو باوەڕی تەواومان بە پاراستنی ژینگە و دروستکردنی زەمینەی لەباری ژیان و بنیاتنانی زانستییانە و ئەندازەییانە و هونەرییانەی شارو ئاوەدانیی و گوند و لادێکانمان هەیە."



هەواڵی زیاتر