عەدنان عوسمان: ئەگەر ناتوانن بژێوی خەڵک دابین بکەن پێوستە لەگەڵ بەغداد ڕێکەوتن بکەن
14/11/2020
وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە کۆبونەوەی سێ سەرۆکایەتیەکە لەسەر بەشە بودجەی هەرێم ڕایدەگەیەنێت: سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێمی کوردستان لەبری ئەوەی ئێستا کۆبونەوە بکات دەبوو لەسەروبەندی گفتوگۆکردن لەسەر یاسای قەرز کۆبونایەتەوە پلانیان هەبوایە، هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەو دۆخە نوێیەی عێراق هەبوایە
عەدنان عوسمان سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی و وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە تێپەڕاندنی یاسای قەرز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: ئەوەی ئێستا لە بەغداوە دەکرێت بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختە، واقیعێک هاتوەتە پێشەوە کە زۆرینە و کەمینەیە و واقیعی سیاسی لە عێراق گۆڕاوە و ئەو نوخبەیەی لە عێراق دۆستی کورد بون گۆڕاون و پێوستە ڕێکەوتنی جدی لەگەڵ بەغداد بکرێت.
عەدنان عوسان دەشڵێت: ئەگەر ئەو ئیدعایانە راستن کە پێشتر دەوترا ئابوری سەربەخۆ و چونە سەر نەخشەی جیهان ڕاستبوە و وەهم نەبوە فەرمو موچەی خەڵک بدەن و ژیانی خەڵک بپارێزن ئەگەرنا لەگەڵ عێراق رێکبکەون و بڕیاری ئازایانە بدەن کە ئێستا داهاتەکانی هەرێم هەموی نایەتە خەزێنەی حکومەتەوە و ئەمەش بەهانەیە بەدەست بەغدادەوە و بوەتە خاڵی لاوازی هەرێمی کورستان.
وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە هەنگاوەکانی هەرێم لەم دۆخەدا دەڵێت: پێوستە شاندێکی بەهێزی هەرێم لە بەغدادەوە پێداگری لەسەر مافەکانی هەرێم بکات چونکە قوتی خەڵک لەژێر مەترسیە با وازبێنین لە تەخوینی یەکتری و ئازایانە چاکسازی بکەین و لەگەڵ بەغداد ڕێکبکەوین و گفتوگۆ لەسەر ڕێکەوتنەکانی پێشو بکرێت یان ڕێکەوتنی نوێ بکرێت.