جێگرى سەرۆکى هەرێم: دەبێت یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازی هەمەلایەنە ببێتە کاری پێشینە

18/11/2020

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت؛ دەبێت یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئەنجامدانی چاکسازی هەمەلایەنە ببێتە کاری پێشینەیی هەمولایەک.

ئەمڕۆ،  چوارشەممە (١٨/١١/٢٠٢٠)، مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر، لەگەڵ وەفدێکی باڵای حکومەتی بەریتانی بە سەرۆکایەتی جەنەراڵ جۆن لۆریمەر، راوێژکاری سیاسی و سەربازی باڵا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبوەوە. کە بەمەبەستی گفتوگۆکردن سەبارەت بە دوایین پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازی و ئابوریییەکانی ناوچەکە بە گشتی و عێراق و کوردستان هاتونەتە هەرێمى کوردستان.

بەپێى راگەیەندراوى جێگرى سەرۆکى هەرێم، لە کۆبونەوەکەدا کە ستیڤن هاک باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و تیمێکی سەربازی بەریتانی و کارمەندانی کونسۆڵخانەی بریتانیا لە هەولێر ئامادەى بون گفتوگۆ کرا لەبارەى پرسى یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئەنجامدانی چاکسازی لە سێکتەری سەربازی لە هەرێمی کوردستان و دڵنیابون لەوەی ئەو پشتیوانییە تەکنیکی و سەربازیی و لۆجیستیانەی  بەریتانیا وەک بەشێک لە هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی پێشکەشی دەکات مەبەستی خۆی دەپێکێت.

لە کۆبونەوەدا، مستەفا سەید قادر و ئەندامانی وەفدەکە جەختیان لە یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە و پێویستی ئەنجامدانی چاکسازی لە سەرجەم هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان و "ئەم کارە بکرێتە ئەرکێکی پێشینەیی، لەمەشدا دەبێت گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە بەهەند وەربگیرێت"، هەروەک رۆشنایی خرایە سەر پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ساڵی داهاتو لە عێراقدا.

هەردولا کۆک بون لەسەر ئەوەی یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکان و یەک هەڵوێستییان سەبارەت مەسەلە چارەنوسسازەکان یارمەتی هەرێمی کوردستان دەدات پلە و پایەی لە ناوەوە و لە دەرەوە پتەوتر بێت.

جێگرى سەرۆکى هەرێم، رۆڵی بەریتانیای لە پشتگیرکردنی هەرێمی کوردستان لە رۆژانی بەرەنگاربونەوەی داعش بەرز نرخاند و "پێشنیاری بۆ وەفدەکە کرد کە ئەم رۆڵە لە ئێستادا فراوانتر بکرێت بەشێویەک بوارەکانی مرۆیی و تەندروستی و بازرگانی بگرێتەوە".


هەواڵی زیاتر