ستیڤ دریهاوس: هەوڵەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ گەشەی دیموکراسی کاریگەر و پێوستە
23/11/2020
ئەمڕۆ دووشەممە ۲۳/۱۱/۲۰۲۰ ستیڤ دریهاوس، سەرۆکی پەیمانگای دیموکراسی نیشتیمانی سەر بە پارتی دیموکراتەکانی ئەمریکا و شاندی یاوەی، سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانیان کردو لەگەڵ ڕێکخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندن و شاندی گۆڕان کۆبونەوە.
شوناس شێرکۆ ئەندامی ژوری پەیوەندیە دیبلۆماسیەکان بە سایتی فەڕمی بزوتنەوەی گۆڕانی ڕاگەیاند: لە کۆبونەوەکەدا شاندی میوان ڕۆڵی بزوتنەوەی گۆڕانیان بە گرنگ وەسفکردوە لە پێداگری و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان و پێیانوایە بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەت بوبێت یان ئۆپۆزسیۆن هەوڵەکانی بۆ گەشەی دیموکراسی کاریگەر و پێوست بوە.
ئەو ئەندامەی شاندەکەی گۆڕان دەشڵێت: لە کۆبونەوەکەدا بزوتنەوەی گۆڕان دوپاتیکردوەتەوە کە هەوڵەکانیان بۆ چاکسازی لە هەرێمی کوردستان بەردەوامی دەبێت و ئامانجیانە پرۆسەکە بەردەوامی هەبێت، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی.
ئومێد خدر ئەندامی ژوری پەیجوری، بە سایتی گۆڕانی وت؛ پەیمانگای دیموکراسی نیشتیمانی لەبەغداد، بەگرنگیان زانیوە دیموکراسی و پاراستنی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان گەشەی پێوست بکات و سەرجەم لایەنەکان ڕۆڵیان هەبێت لە چەسپاندنیدا.