کوێستان محەمەد: داوامان لە حکومەت کردوە دەست بە پێدانی قەرزی بچوک بکەینەوە بە گەنجان
30/11/2020
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، هۆکاری سەرەکی کۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات بێکارییە، بۆیە داوامان لە حکومە کردوە دەست بە پێدانی قەرزی بچوک بکەینەوە بۆ گەنجان.
له كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیدا، کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، "چەندین پرۆژە هەیە بۆ رەخساندنی هەلی کار، یەکێک لەو پرۆژانەش سندوقی قەرزی بچوکە و داوامان لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە دەستبکەینەوە بە پێدانی قەرزی بچوک بە گەنجان."
وتیشی: "نازانین رێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان چەندە، ناتوانین پشت بەهیچ ئامارێک ببەستین تا سەرژمێرییەکی گشتی نەکەین و نەزانین ئەوانەی تەمەنی کاریان هەیە چەندە و رێژەی بێکاری چەندە."
ئاماژەی بەوەشکرد، "چەند راپۆرتێکمان لەسەر کۆچی گەنجان و ئەو بابەتانەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە و ئەوکارانەی لە رابردودا کردومانە تایبەت بە کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا دەیخەینە رو."