بڕی (35) ملیار دینار بۆ ژمارەیەک پڕۆژەی رێگاوبان لە سلێمانی تەرخاندەکرێت
09/12/2020
لەسەر داوای وەزیری ئاوەدانکردنەوە..
بڕی (٣٥)ملیار دینار بۆ ژمارەیەک پڕۆژەی رێگاوبان لە سلێمانی تەرخاندەکرێت
-حەوت پڕۆژەی ستراتیژیی لە سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان لەخۆگرتوە
-لە رۆژی ٢٠٢٠/٩/٩ نوسراو ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کرابو
-ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر دەربڕیوە
لەسەر داواکاری وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و بەنوسراوی نوسینگەی وەزیر ژمارە (٤٩) کە لە رۆژی ٢٠٢٠/٩/٩ ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کرابو، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی بڕی (٣٥)ملیار دینار بۆ ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژی لە بواری رێگاوبان لە سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان دەربڕی.
بەفەرمانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لە رۆژی ٢٠٢٠/١٢/٨ نوسراوی ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابوری کردوەو تیایدا رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر تەرخانکردنی بڕی (٣٥)ملیار دینار بۆ تەواوکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژی لە سنوری سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان.
ئەوەش دوای هەوڵە بەردەوامەکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن دێت بۆ تەرخانکردنی بودجە بەمەبەستی نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانەکان و تەواوکردنی دوسایدی نێوان شارەکان.
تەرخانکردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ حەوت پڕۆژەی ستراتیژییە کە پێکهاتون لە؛ دروستکردنی رێگای دوسایدی (دوکان-چورقوڕنە)+پردەکان و نۆژەنکردنەوەی رێگا کۆنەکان بەبڕی پێنج ملیار دینار. تەرخانکردنی بڕی چوار ملیار دینار بۆ دروستکردنی سایدی دوەمی رێگای (وارماوا-زاڕەیەن-دەربەندیخان)و نۆژەنکردنەوەی سایدە کۆنەکە. تەرخانکردنی بڕی دو ملیار دینار بۆ دروستکردنی پردی شانەدەری رێگای سەیدسادق. تەرخانکردنی بڕی سێ ملیار دینار دروستکردنی رێگای خێران باشماخ-پێنجوێن لەگەڵ دو یەکتربڕ (قۆناغی دوەم).
هاوکات تەرخانکردنی بڕی چوار ملیار دینار بۆ دروستکردنی رێگای سایدی دوەمی (دوکان-چوارقوڕنە) و پردەکان و نۆژەنکردنەوەی رێگا کۆنەکە بە درێژی 19کم(قۆناغی دوەم)، تەرخانکردنی بڕی حەوت ملیار دینار بۆ دروستکردنی رێڕەوی دوەمی رێگای (هەڵەبجە-سەیدسادق) بە درێژی (28.8)کم، لەگەڵ تەرخانکردنی بڕی (10)ملیار دینار بۆ دروستکردنی سایدی دوەمی رێگای (کەلار-کفری).
لەئێستادا بەشێک لەو پڕۆژانە کارکردن تیایاندا بەردەوامەو لە ماوەکانی رابردوشدا، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەشێوەیەکی مەیدانی پڕۆژەکانی بەسەرکردبوەوەو بڕیاری بەگەڕخستنەوەی بۆ دەرکردبون، لەوانەش رێگای دوکان-چوارقوڕنە لە ٢٠٢٠/١٠/١١ و رێگای باشماخ پێنجوێن لە ٢٠٢٠/٩/٢٠ بەگەڕخرانەوە.