شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا: ئه‌گه‌ر چاكسازی‌ گشتگیر نه‌كرێت ده‌بێت چاوه‌ڕێی‌ خراپتربونی‌ دۆخه‌كه‌ بكرێت

10/12/2020

ئه‌ندامێكی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندنی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان رایده‌گه‌یه‌نێت، وه‌كو گۆڕان بۆچونی‌ خۆیان به‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ وتوه‌ سه‌باره‌ت به‌ هێوركردنه‌وه‌ی‌ دۆخه‌كه‌ و چاكسازی‌ له‌ كاروباری‌ حكومه‌تدا، ئه‌گه‌ر بۆچونه‌كانی‌ گۆڕان به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیرێت ئه‌وا ده‌بێت پێشبینی‌ خراپتربونی‌ دۆخه‌كه‌ بكرێت.

له‌میانی‌ چاوپێكه‌وتنێكی‌ له‌گه‌ڵ رادیۆی‌ گۆڕان، شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا ئه‌ندامی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندنی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان رایگه‌یاند: له‌ئێستادا جێبه‌جێكردنی‌ پڕۆسه‌ی‌ چاكسازی‌ چه‌ندین كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ی‌ كه‌وتوه‌ته‌ به‌رده‌م، گه‌یشتوه‌ته‌ دۆخێكی‌ وه‌ها كه‌ ئه‌گه‌ر بێتو یه‌كێتی‌ و پارتی‌ رێكنه‌كه‌ون له‌سه‌ هه‌مو شته‌كان، چاكسازی‌ هه‌نگاویك ناچێته‌ پێشه‌وه‌، ئه‌مه‌ واقعێكی‌ تاڵه‌.

له‌ وه‌ڵامی‌ پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌ رۆڵی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ حكومه‌ت و هه‌روه‌ها هه‌ڵوێستی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌ ئاست ئه‌م دۆخه‌ی‌ ئێستا، شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا وتی‌: ئه‌و پرسه‌ هه‌ڵسه‌نگاندێكی‌ وردی‌ ده‌وێت له‌ جڤاتی‌ نیشتمانی‌ پاشان ده‌بێت هه‌ڵوێستی‌ خۆمان یه‌كلا بكه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ پڕۆسه‌كه‌ زۆر ئاڵۆز بوه‌. شه‌قام خرۆشاوه‌ و داوای‌ مافه‌كانی‌ ده‌كات، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م خۆپیشاندانه‌ له‌هیچ خۆپیشاندانێكی‌ تر ناچێت له‌ چه‌ندین روه‌وه‌، به‌ڵام پێویسته‌ خواست و داواكاریی‌ هاوڵاتیان به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت.

وتیشی‌:‌ هه‌ڵوێست و بۆچونی‌ خۆمان به‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ وتوه‌ كه‌ له‌ به‌رده‌م دو ئه‌گه‌ردان، یان رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا، یاخود چاككردنی‌ ژیانی‌ خه‌ڵك.

جه‌ختی‌ له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر بۆچونه‌كانی‌ گۆڕان به‌هه‌ند وه‌ربگیرێن و كاریان له‌سه‌ر بكرێت، ئه‌وا بێگومان ژیانی‌ خه‌ڵك و رۆڵ و ئه‌دای‌ حكومه‌تیش به‌ره‌وپێش ده‌چێت، ئه‌گه‌رنا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌.


هەواڵی زیاتر