پارەی گەنمی جوتیاران دابەشدەکرێت

15/12/2020

شێوازی دابەشكردنی پارەی گەنمی جوتیارانی ئاشكرا دەکرێت و وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم دەڵێت: لە قۆناغی یەكەمدا هەر جوتیارە و نیوەی پارەی گەنمەكەی وەردەگرێت.

كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی‌ هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان کۆنگرەیەکی‌ رۆژنامەنوسی سازکردوو رێككه‌وتنی به‌غداو هه‌ولێری له‌سه‌ر خه‌رجكردنی پاره‌ی گه‌نمی جوتیارانی هه‌رێم ڕاگەیاند و وتی:  میكانیزمی دابەشكردنی‌ پارەكه‌ش بەو شێوەیە دەبێت، پارەكە بە ڕێژە دابەش دەكەین بۆ ئەوەی هەموو جوتیاران سود مەندبن".

وەزیری بازرگانی وتیشی‌، "هەموو جوتیارێك نیوەی ئەو پارەی وەردەگرێت كە لای حكومەتی عێراقە، لەبەرئەوەی لە قۆناغی یەكەمدا نیوەی پارەكە رەزامەندی لەسەر دراوە".

سەبارەت بە نیوەکەی‌ تری‌ پارەی‌ گەنمی‌ جوتیاران وەزیری‌ بازرگانی‌ و پیشەسازی‌ وتی‌، "ئەو نیوەكەی تری كە دەمێنێتەوە، بە هەموو لایەكمان چی وەك پەرلەمان چی وەك وەزارەتی بازرگانی لەسەر خەت دەبین بۆ وەرگرتنەوەی‌ ئەوەی تری كە ماوەتەوە".

لە نزیکەی دوو ملیۆن تۆن گەنم، ساڵی 2020 حکومەتی عێراق تەنیا 390 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستانی کڕیوە کە بەهاکەی زیاتر لە 200 ملیار دینارە. تا ئێستا تەنیا نزیکەی 35 ملیار دیناری نێردراوە، بەوەش عێراق 165 ملیار دیناری لە لاماوە.


هەواڵی زیاتر